پۆلیسی راپەڕین: گەنجەکەی قەڵادزێ لەلایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە کوژراوە
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەت دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی گەنجێکی خەڵکی قەڵادزێ دەستگیرکران. پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، تۆمەتبارەکان هاوڕێی کوژراوەکەن.
درەنگانێکی شەوی شەممە 03-06-2023، گەنجێک بەناوی وەرزێر ئەحمەد، دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ چەند کەسێکدا لە گەڕەکی شەهیدان لە قەڵادزێ شەش چەقۆی لێدرا و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی سلێمانی کرا، بەڵام لە رێگەی دووکان گیانی لەدەستدا.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی ئەوەی رووداوەکە درەنگانێکی شەو روویدابوو لەو کاتەدا تۆمەتبارەکان هەڵاتوون، بەڵام دواتر لەلایەن ئاسایشی ماوەتەوە دەستگیرکراون.
تاوەکو ئێستا، وەک شۆڕش ئیسماعیل دەڵێت، تۆمەتبارەکان لە دان پێدانانەکانیاندا باسیان لە هۆکاری روودانی رووداوەکە نەکردووە.
هەردوو تۆمەتبارەکە لەلایەن ئاسایشی ماوەتەوە رادەستی پۆلیسی راپەڕین کراونەتەوە. شۆڕش ئیسماعیل دەڵێت، دوای ئەوەی دانیان بە تاوانەکەیانداوە ناوە، تۆمەتبارەکان بە مادەی 405 له یاسایی سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.