وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای تەواوبوونی چاکسازییەکانی کۆمپانیای داناگاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، کارەبا ئاسایی دەبێتەوە و بەرهەمهێنان دەگاتە چوار هەزار و 200 مێگاوات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 07-06-2023، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە کۆتاییهاتنی قۆناخی یەکەمی پڕۆسەی چاکسازیی کۆمپانیای داناگاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، بەشێكی زۆری توانای بەرهەمهێنانی كارەبا گەڕایەوە.
وەزارەتی کارەبا دەڵێت، بڕیارە قۆناخی دووەمی پڕۆسەکە تا 16ـی ئەم مانگە تەواو بێت و دۆخی کارەبا بە تەواوەتی ئاسایی بێتەوە و بەرهەمهێنان بگاتە چوار هەزار و 200 مێگاوات.
رۆژی 22ـی ئایاری 2023 کۆمپانیای داناگاز دەستی بە پڕۆسەی ساڵانەی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کرد و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا 1000 مێگاوات کەمبووەوە.
وەزارەتی کارەبای هەریمی کوردستان دەڵێت، لە ماوەی چاکسازییەکەدا، هەوڵی داوە کەمبوونەی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمترین کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان هەبێت، بەهۆیەوە پێدانی كارەبای بە كارگە گەورەكان راگرتووە.
رۆژی پێنجشەممە 01-06-2023، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان وەک ژێرخان، توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 7 هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، ''بەڵام ئێستا 4200 تاوەکو 4300 مێگاوات کارەبا تێکڕا بەرهەم دەهێنرێت."
وەک گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، لە وەرزی هاویندا، بەرزترین خواستی گشتیی هەرێمی کوردستان لەسەر کارەبا لە خراپترین دۆخدا لە نێوان 5000 بۆ 5500 مێگاوات بووە.
بەگوتەی ئومێد ئەحمەد، ئێستا لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 75٪ی کارەبا بە گازی سرووشتی بەرهەم دەهێنرێت.