بنەماڵەی شێخانی قادر کەرەم رەتیدەکەنەوە دەستیان لە کوشتنی مەلا جەمیل رۆژبەیانی هەبووبێت


رووداو دیجیتاڵ

بنەماڵەی شێخانی بەرزنجی قادر کەرەم رەخنە لە لێدوانێکی خەسرەو جاف، ئەندازیار و هونەرمەندی کورد دەگرن کە گوتبووی، "مەلا جەمیل رۆژبەیانی لەلایەن شێخ جەعفەر بەرزنجی کوژراوە"، و قسەکان بە تۆمەتی "بێبنەما" ناودەبەن.
 
لە بەشی چوارەمی بەرنامەی پەنجەمۆر بە میوانداریکردنی خەسرەو جاف لە تەلەڤزیۆنی رووداو کە کاوە ئەمین پێشکێشی دەکات، ئەو هونەرمەندە ئاماژە بەوە دەدات کە لە ساڵی 2001 مەلا جەمیل رۆژبەیانی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد لە بەغدا لەلایەن "شێخ جەعفەر بەرزنجی کە ئەو کات پارێزگاری سلێمانی بوو کوژراوە".
 
لە روونکردنەوەکەی بنەماڵەی قادر کەرەمدا کە شاهۆ بەرزنجی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی ناردووە ئاماژە بەوە دراوە، "بەداخەوە کاک خەسرەو بەبێ هەستکردن بە هیچ بەرپرسیارێتییەک لە کەناڵی رووداو تۆمەتێکی بێبنەمای خستووەتە پاڵ هەموو ساداتی بەرزنجە، مێژوو شاهیدی پەیوەندیی دێرینی نێوان بنەماڵەی شێخی قادر کەرەم و بەگزادەی جاف و هۆزی رۆژبەیانییە کە جگە لە برایەتی و دۆستایەتی هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان لە نێواندا نەبووە".
 
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا داوا لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن کە دەرفەت بە ئەوانیش بدرێت قسەی خۆیان بکەن و ئاماژە بەوە دەدات، " داوا لە کەناڵی رووداو دەکەین کە بەرنامەیەکی پاشکۆ بۆ ئەو ئەڵقەیەی پەنجەمۆر بڵاوبکەنەوە و هەڤپەیڤین لەگەڵ کەسایەتیی هەر سێ بنەماڵەی شێخ قادر کەرەم، بنەماڵەی مەلا جەمیل رۆژبەیانی و براگەورەکانی بەگزادەی جاف بکرێت".