لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە کەلار مێرمنداڵێک گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل و پایسکیلێک لە شاری کەلار، مێرمنداڵێک گیانی لەدەستدا.
 
رووداوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 07ـی ئایار، نزیک قایمقامییەتی قەزاکە لەنێوان پیکابێک، نیسان سەنییەک و پایسکیلێکدا روویداوە.
 
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رووداوەکەدا پایسکیلسوارەکە کە مێرمنداڵێک بوو گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ زانینی چۆنێتی و هۆکاری رووداوەکە کردووەتەوە.
 
حکومەت ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی پاری بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆ، لە ساڵی 2022 دا لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.