بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بە مانگێک بەندکردن سزا درا
رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەڕێوەبەرەکەیان بە هۆکاری خوێندنی ماستەر بەبێ مۆڵەت، بە بڕیاری دادگە سزای مانگێک بەندکردن دراوە.
هاتووچۆی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ سێشەممە 07-05-2024، بەگوێرەی بڕیاری دادگەی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ/2، عەمید ئاسۆ محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری ھاتووچۆی سلێمانی بە وەکالەت سزادرا بە بەندکردن بۆ ماوەی مانگێک."
لەبارەی هۆکاری سزادانی عەمید ئاسۆ، هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، "بەھۆی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەرە لەنێو ھەرێمی کوردستان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی و مۆڵەتی خوێندن، کە ئەمەش پێچەوانەی رێنوێنییەکانی پەیوەست بە خوێندنە."
عەمید ئاسۆ پەیامێکی دەنگیی بۆ میدیاکان ناردووە و دەڵێت، دۆسیەکە پەیوەندیی بە بابەتێکی کۆنی ساڵی 2020ـەوە هەیە، کە بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە بەبێ ئەوەی مۆڵەتی خوێندن وەربگرێت. دەشڵێت، دادگە بڕیاری بەندکردنی بۆ ماوەی مانگێک داوە و زۆریش ئاساییە.
رووداو پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانییەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ روونکردنەوەیەک لەسەر بابەتەکە بدات.
عەمید ئاسۆ محەممەد پێشتر لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی کارەبای گەرمیانەوە گواسترایەوە بۆ بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بە وەکالەت. عەمید ئاسۆ لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووە.