روونکردنەوەی فڕۆکەخانەی هەولێر لەبارەی رێگری لە پەرلەمانتارێکی هەدەپە: قەدەخەی گەشتکردنی لەسەر بووە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، حەسەن ئۆزگونێش، بەهۆی ئەوەی قەدەخەی گەشتکردنی بۆ ناو عێراق لەسەربووە، رێگری لێکراوە بێتە هەولێر.

رۆژی یەکشەممە، 07-05-2023، لە چەند دەزگایەکی راگەیاند بڵاوکرایەوە کە رێگری لە حەسەن ئۆزگونێش، پەرلەمانتاری هەدەپە کراوە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بێتە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکە رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، قەدەخەی گەشتکردنی بۆ عێراق لەسەر بووە، بۆیە رێگری لێکراوە. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لەسەر داوای دامەزراوە ئەمنییە فیدراڵییەکان، بڕیاری قەدەخەی گەشتکردن بۆ ناو عێراق لە سەر کەسێک بە ناوی (حەسەن ئۆزگونێش) کە هەڵگری پاسپۆرتی تورکیایە دانراوە و لە گشت فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەوانی هەرێمی کوردستانیشەوە بڵاوکراوەتەوە".
 
لە راگەیێندراوەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا هاتووە: "لە کاتی گەیشتنی ئەو کەسە بۆ فڕۆکەخانەکەمان، بە رێزەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە و گەڕێندراوەتەوە و ئەم بڕیارە هیچ پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە."
 
حەسەن ئۆزگونێش رایگەیاندبوو، کە ئەو لەسەر بانگهێشتی چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی و گۆڕان و رۆشنبیران، ویستوویەتی سەردانی سلێمانی بکات بۆ فێستیڤاڵێکی جەماوەریی بۆ پشتگیریکردن لە هەدەپە.