بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی هەریر دەستبەکاربوو


رووداو دیجیتاڵ

شێروان جەلال وەک بەڕێوەبەری نوێ ناحیەی هەریر لە شوێنی وەلی باقی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەکە دەستبەکاربوو.
 
رۆژی یەکشەممە، 07-05-2023، کاروان کەریم خان، قایمقامی قەزای شەقڵاوە بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ شێروان جەلال وەک بەڕێوبەری ناحیەی هەریر و رەزا ئەحمەد وەک بەڕێوەبەری ناحیەی باسرمە دەستبەکاربوون."
 
بە گوتەی قایمقامی شەقڵاوە، شێروان جەلال لەماوەی رابردوو وەک بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر دەستنیشانکراوە و هەفتەی رابردوو لە بەردەم رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و من، سوێندنی یاسایی خواردووە و ئەمڕۆ دەستبەکاربووە."
 
دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی هەریر لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەلی باقی عەبدوڵڵا، بەرێوەبەری ناحیەی هەریر بە وەکالەت لەگەڵ چوار پۆلیسی ناحیەکە دەستبەسەرکران. 
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە پۆلیسی هەریر دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەر و چوار پۆلیسەکە، بەهۆی دەستگیرکردنی کەسێک بووە کە فەرمانی گرتنیشی هەبووە. ئەو پێنج کەسە دوای دەستگیرکردنی کەسەکە، لە هەولێرەوە پەیوەندییان پێوەکراوە و دواتر دەستبەسەر کراون.
 
ناحیەی هەریر سەر بە قەزای شەقڵاوەیە لە پارێزگای هەولێر، دانیشتووانەکەی زیاتر لە 22 هەزار کەسن.