واژۆ بۆ لەکارلادانی پارێزگاری هەڵەبجە کۆدەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە چالاکڤانان و هاونیشتمانییانی هەڵەبجە لەبەردەم شارەوانیی شارەکە واژۆ بۆ دوورخستنەوەی پارێزگاری هەڵەبجە لە پۆستەکەی کۆدەکەنەوە؛ یەکێک لە ئەندامانی چالاکییەکە دەڵێت، "پارێزگاری هەڵەبجە نەیتوانیوە خزمەتی شارەکە بکات و جێگەی دەستی دیاربێت." 
 
رۆژی یەکشەممە 7ـی ئایاری 2023، فەرهاد قادر، یەکێک لە رێکخەرانی کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دوورخستنەوەی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە کارەکەی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەستمان بە چالاکییەکەمان کردووە بۆ کۆکردنەوەی واژۆ بە مەبەستی دوورخستنەوەی پارێزگاری هەڵەبجە لە پۆستەکەی. ئامانجێکی دیکەشمان ئەوەیە ئاڵوگۆڕ بە سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە نەکرێت."  
 
لەبارەی هۆکاری چالاکییەکەیانەوە، فەرهاد قادر گوتی، واژۆ بۆ دوورخستنەوەی هەموو ئەو فەرمانبەر و بەرپرسانەی هەڵەبجە کۆدەکەنەوە کە نیشتەجێی دەرەوەی هەڵەبجەن. گوتیشی: "رۆژانە بەیانیان دەیان ئۆتۆمبێل لە سلێمانییەوە دێنە هەڵەبجە بەرپرسان دەهێنن و نیوەڕۆ دەگەڕێنەوە؛ دەمانەوێ کەسانێک پۆستیان هەبێ خۆیان دانیشتووی هەڵەبجە بن." 
 
ئەو چالاکڤانە گوتیشی، دژی گۆڕانکارین لە پۆستی سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە. بەگوتەی ئەو، سەرۆکی شارەوانی لەکارلادراو "کەسێکی باش" بووە و خزمەتی شارەکەی کردووە. 
 
رۆژی 2ـی ئایاری 2023، سەید حەکیم هانەسوورەیی، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیاری دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی دراوە و کەسێک بەناوی ئەندازیار سەلام هەورامی دەکرێتە سەرۆکی شارەوانی.
 
لەکارلادانی سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە لە کاتێکدابوو، کە رۆژی 25-10-2022، کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانیی پێشووتری هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند، لەبارەی هۆکارەکەشییەوە گوتی، "چوار ساڵی خۆمم تەواوکردووە و داوای لێبووردن لە یەک بە یەکی هاووڵاتییانی خەڵکی هەڵەبجە دەکەم کە نەمانتوانیوە خزمەتیان بکەین." 
 
هەمان رۆژ سەید حەکیم هانەسوورەیی وەک سەرۆکی شارەوانی دەستبەکاربوو و بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونمە وەک سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، بەڵام ئەگەر نەمتوانی خزمەت بکەم و لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانمان حکومەت هاوکارمان نەبێت، ئەوە رەنگە منیش وەکو کوێستان خان هەمان هەڵوێستم هەبێت و دەست لەکاربکێشمەوە."