بەنزین لە هەرێمی کوردستان هەرزانتر دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ماوەیەک لە جێگیربوونی نرخەکەی، بەنزین لە هەرێمی کوردستان زیاتر هەرزان دەبێت. بەنزینی نۆرماڵ کە زۆرترین خواستی لەسەرە ئەمڕۆ لە هەولێر لیتری 760 دینارە، لە دهۆک بە 800 دینار و لە سلێمانی و هەڵەبجەش دەبێتە 775 دینار.
 
ئەمڕۆ شەممە 7ی نیسانی 2024 بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە 825 دینارەوە دەبێتە 775 دینار؛ موحەسەن لە 1050 دینارەوە دەبێت هەزار دینار و سوپەریش لە هەزار و 200 دینارەوە دەبێتە 1150 دینار.
 
هەر ئەمڕۆ لیترێک گازی شل لە سلێمانی لە 575 دینارەوە بۆ 525 دینار دادەبەزێت. لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی سووتەمەنی، بەهمەن شێخ قادر گوتی، بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و زۆریی بەنزین و کەمیی خواست هۆکارن.
 
لە دهۆکیش نرخی بەنزین دابەزیوە. موحسین تەها، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنی دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دهۆک چەند رۆژێکە نرخی لیترێک بەنزین نزیکەی 50 دینار دابەزیوە؛ نۆرماڵ لیتری 800 دینارە، موحەسەن هەزار و 200 دینار و سوپەریش هەزار و 300 دینارە."
 
موحسین تەها گوتیشی، رێگە نادەن دابەزینی نرخی بەنزین لەسەر کوالێتیی بەنزینەکە بێت، بەڵکو چاودێریی جۆری بەنزینیش دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ دابەزینی نرخدا کواڵیتیش دانەبەزێت.
 
لە هەولێریش نرخی بەنزین دابەزیوە. بەگوێرەی بەدواداچوونێكی رووداو، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی هاوردەکراو لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە 690 دینارە؛ هەروەها لیتری نۆرماڵی کۆمپانیاکانی کار و لاناز 760 دینارە؛ لیترێک بەنزینی موحەسەن هەزار و 200 دینارە و سوپەریش هەزار و 300 دینارە.
 
لەبارەی نرخی بەنزین لە هەڵەبجە، پێشەوا حەیدەر، سەرپەرشتیاری لیژنەی سووتەمەنی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، نرخی لیترێک نۆرماڵ 825 دینارە، موحەسەن هەزار و 200 دینارە و سوپەریش هەزار و 300 دینارە؛ گوتیشی، "هاوشێوەی سلێمانی بڕیارە ئەمڕۆ هەر لیترێک 50 دینار نرخەکەی دابەزێت."