بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە: حەجکردن بە ڤیزەی ساڵیی سعودیە قەدەخەیە
رووداو دیجیتاڵ
خواست لەسەر حەجکردن بە ڤیزەی ساڵیی سعودیە نرخی ئەو جۆرە ڤیزەیەی لە 350 دۆلارەوە گەیاندووەتە 650 دۆلار. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومرە دەڵێت، کەس بەو رێگەیە نەچێتە حەج و ئەوان بەرپرسیاریێتی لە ئەستۆناگرن، چونکە "قەدەخەیە."
لە راگەیێندراوێکدا کە وەک "هۆشداری" بڵاوی کردووەتەوە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت، "ماوه‌یه‌كه بانگه‌شه‌ی حه‌جی بازرگانی ده‌كرێت له هه‌رێمی كوردستان، کە گوایه به‌رده‌سته و هیچ گرفتێكی نییه، بەڵام قەدەخەیە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "شتێك به ناوی حه‌جی بازرگانی نییه. له هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت له عێراقیش ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت بردنی خه‌ڵكه به ڤیزەی ساڵی یان ڤیزەی بازرگانی، كه ئه‌و‌یش له لایه‌ن وه‌زاره‌تی حه‌جی سعودیه‌وه قه‌دەخه كراوه و رێگه‌پێدراو نییه بۆ ئەنجامدانی حه‌ج."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی حه‌ج و عومرە کە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 07ـی نیسانی 2024) بڵاوکراوەتەوە، "هه‌ر كه‌سێك (بە ڤیزەی ساڵی بچێتە حەج و) ده‌ستگیر بكرێت، به پێی رێنمایی وه‌زاره‌تی حه‌ج (ـی سعودیە) سزای قورسی ده‌بێت."
نایف ئاسوودە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گەشتی ئاسوودە لە شاری هەولێر کە تایبەتە بۆ زیارەتەکان بۆ سعودیە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو حەجەی بە بازرگانی ناودەبرێت فەرمی نییە. ئێمە ناتوانین بەو شێوەیە هیچ کەسێک ببەینە حەج، بەڵام دەتوانین ڤیزەی سعودیە بۆ هەرکەسێک وەربگرین کە بیەوێت."
لە راگەیێندراوەکەدا بەڕێوه‌به‌رایه‌تیی حه‌ج و عومره بە هاونیشتمانیان دەڵێت، ئەوان به‌رپرس نین لەو جۆره حه‌جکردنه و هه‌ر كه‌سێك له سعودیه تووشی كێشه بێت له‌سه‌ر ڤیزه‌ی ساڵی، ئەوان به "هیچ شێوه‌یه‌ك" به‌رپرسیاریێتی هه‌ڵناگرن.
راگەیێندراوەکە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو ژمارەیەک هاونیشتمانی لە رێگەی ڤیزەی یەک ساڵیی سعودییەوە چوونە ئەو وڵاتە و لەکاتی حەجدا رێوڕەسمە ئاینییەکانیان وەک ئەو کەسانەی دیکە ئەنجامدا کە بە فەرمی چووبوونە حەج.
تێچووی حەجی ئەمساڵ سەرەتا بە دۆلار راگەیێندرا کە بە رێگەی ئاسمانی 4800 دۆلار و بە رێگەی وشکانی 4000 دۆلار بوو، بەڵام دواتر کرایە دینار و رێگەی ئاسمانی کرا بە 6 ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش 5 ملیۆن و 300 هەزار دینار.
بۆچی خەڵک دەیەوێت بە ڤیزەی ساڵی حەج بکات؟
هەرچەندە وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاندووە، گەشتکردن بە ڤیزەی ساڵی لە هەرێمی کوردستان و سعودیە قەدەخەیە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی سەرقاڵی وەرگرتنی ڤیزەی ساڵین و دەیانەوێت خۆیان و بێ قافڵە و رێبەر، بچنە حەج.
لە هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر بۆ حەجکردن هەیە. ئەمساڵ زیاتر لە 56 هەزار هاونیشتمانی فۆرمیان بۆ چوونە حەج پڕکردەوە، کە نرخی هەر فۆرمێک 25 هەزار دینار بوو، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا چوار هەزار و 174 کەس ناویان دەرچوو.
زیارەتکردن بە ڤیزەی ساڵی ئەگەر کێشەی یاسایی نەبێت، بۆ هاونیشتمانیان تێچووی کەمترە و رێکاری کەمتریشی دەوێت. نایف ئاسوودە گوتی، "ڤیزەی یەک ساڵیی سعودیە 350 دۆلار بوو، ئێستا خواستی زۆری لەسەرە و بووەتە 650 دۆلار."
نایف ئاسوود گوتیشی "ئێمە ڤیزە بۆ خەڵک وەردەگرین، بەڵام ئێمە و کۆمپانیاکانی دیکەش بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە کار دەکەین و هیچ کەسێک نابەینە حەج بەو رێگەیە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێت، "داوا له هاووڵاتیان ده‌كه‌ین ئاگاداری ئه‌و كاره بن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ت سامانیان به فیڕۆنه‌چێت و له كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌و جۆره حه‌جکردنە، دووچاری كێشه و گرفتی نه‌خوازراو نه‌بنه‌وە."
له كۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هه‌ر كۆمپانیا و كه‌سێك کە مۆڵه‌تی كاركردنی له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه و بانگه‌شه‌ی حه‌جی له‌م جۆره دەکات، لێپێچینه‌وه‌ی یاسای له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".
لە ساڵی 2023ـدا، چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون.
تێچووی حەجی ساڵی 2023 بە رێگەی ئاسمانی، چوار هەزار و 500 دۆلار و بە وشکانیش هەزار و 800 دۆلار بوو.