بافڵ تاڵەبانی: تێکدانی ئارامیی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی هێڵی سوورە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هەوڵە نەزۆکەکەی نۆکەرانی بێگانە بە تووندی ئیدانە دەکەین کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایشی سنووری سلێمانییە." دەشڵێت، "تێکدانی ئارامیی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی هێڵی سوورە."
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێنداوەکەیدا دەشڵێت، "کردەی تاوانکاری و بەزاندنی سنووری هەرێم و عێراق بە چاوساغی و رێنیشاندانی لایەن و دەزگایەکی ئەمنی هەواڵگریی ناوخۆیی، حاڵەتێکی نامۆ نییە و مێژوویەکی درێژمان لەگەڵیدا هەیە، بەڵام سلێمانی و مێژووەکەی، سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر لەوە گەورەتر و قارەمانترن کە خەیاڵی پووچی لایەنێک ناو و ناوبانگی لەکەدار بکات و ژیانی خەڵکەکەی تێکبدات."
هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی گرژیی سیاسیی بەدواداهات. گوتەبێژ و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هێرشی تووندیان کردووەتە سەر یەکدی و هەردوولایان ئەوی دیکە بە هۆکاری تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکەن.
بەپێی زانیارییە بەفەرمی رانەگەیێندراوەکان، هۆکاری رووداوەکەی سلێمانی بەهۆی ئەوەبوو کە شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سلێمانی بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، مەزڵووم عەبدی سەلامەتە و گەیشتووەتەوە رۆژئاوای کوردستان.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا باسی لەوە کردووە کە حیزبەکەی "لە رابردوودا لەپێناو پاراستنی تەبایی و بەدیهێنانی بەرژوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان پشوودرێژ بووە، بەڵام بەردەوامیی رەفتارە نەشیاو و ناپەسەندەکانی بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانی لایەنێکی سیاسی لەژێر سایەی حکومەتێکی تاکڕەو و خۆسەپێندا، هەموو سنوورێکی بەزاندووە و دۆخەکەی گەیاندووەتە بنبەست."
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، "ئێمە شانازی بە کوردبوون و کوردایەتیی خۆمانەوە دەکەین. کوردستانمان لە دڵماندا هەڵگرتووە و لەپێناو ژیانی خەڵکەکەمان رووبەڕووی هەموو مەترسییەکان بووینەتەوە و دەبینەوە. تێکدانی ئارامیی هەرێم و شاری سلێمانی هێڵی سوورە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەشیدا، سەرۆکی یەکێتی گوتوویەتی، "جارێکی تر و بە دەنگێکی بەرزتر دەیڵێینەوە، یان کوردستان یان نەمان."