ئاسایشی سلێمانی: دوو گرووپی تیرۆریستیمان دەستگیر کرد


رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ده‌ستگیركردنی دوو گرووپی "تیرۆریستی" راگه‌یاند و دەڵێت، ده‌ستگیركراوه‌كان خه‌ڵكی ناحیه‌ی ته‌كیه‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵن و هەوڵیان داوە "ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگە" تێکبدەن.
 
ئەمڕۆ هەینی، 07-05-2023، ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە دوای "بەدەستهێنانی زانیاریی ورد و دروست لەسەر ئەندامەکانیان و ناسنامە و شوێنی مانەوەیان، بە فەرمانی دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوە توانرا دوو گرووپی تیرۆریستی بخرێنە ژێر چاودێریی ورد و لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا سەرجەمیان دەستگیر بکرێن."
 
ئاسایشی سلێمانی وێنەی چەند چەکدارێکیشی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "گرووپی یەکەم پێکهاتوون لە (سێ) کەس کە سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی (داعش)ن."
 
گرووپی دووەمی دەستگیرکراوەکان لە چوار کەس پێکهاتوون و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەڵێت، "دانیشتووی قەزای چەمچەماڵن، کاری رێکخراوەییان بە نهێنی لە ( ماڵان و شاخ و کێوەکانی) نزیک ناحیەی تەکیە ئەنجامداوە، پیلان و بەرنامەکانیان دژ بە مرۆڤایەتی و کۆمەڵگە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایش داڕشتوو، پاشان لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بە ناوی چەند ( پەیج و ئەکاونتێک )ی جیا جیاوە بیروباوەڕی توندڕەویان بڵاوكردووەتەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "بە چاوکراوەیی و لێهاتوویی و شەونخونیی هێزەکانی ئاسایش بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و هەماهەنگی کەسانی دڵسۆزی گەل و نیشتیمان توانرا سەرجەم تیرۆریستان دەستگیربکرێن و پیلان و بەرنامەکانیان پوچەڵکرانەوە.