کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە: بەشداریی ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە رایگەیاند، بەشداریی رێوڕەسمی ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ناکەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکی دەخات.
رۆژی دووشەممە 7-3-2022، هۆشمەند موراد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، چەندین ساڵە ئەوان وەکو کەس و فریادڕەس لە حکمومەتی هەرێمی کوردستانیان روانیوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان وانەبووە بۆ ئەوان.
هۆشمەند موراد گوتی، "چەندین ساڵە لێرە یادێک دەکرێتەوە و بە هەندێک درووشم و قسەی بریقەدار و بەڵێنی بێکردار کۆتایی پێ دەهێندرێت، دوای یادەکە هەڵەبجە هەروەکو خۆیەتی، ئێمە هەزار یادی کارتۆنی لەوشێوەیە دەکەینە قوربانی دڵی گەنجێکی دڵشکاوی هەڵاتوو لەم شارە، بۆ گەنجێک کە هەلێکی کاری دەستکەوێت، هەزار یادی بەوشێوەیە دەکەینە قوربانی. هەزار یادی ئاوا دەکەینە قوربانی هاوار و ناڵەی ئەو دایکەی کە 34 ساڵە بەخەیاڵی لەباوەشگرتنی کۆرپە ونبووەکەی سەردەنێتەوە و رۆژ دەکاتەوە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە گوتی، "ئەمساڵ لە 34ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، بە هیچ شێوەیەک بەشدارنابین لەو مەراسیمەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سازی دەکات، خۆمان بەجیا مەراسیمێک بۆ پرسەی شەهیدەکانمان بەڕێوەدەبەین، لەبەرئەوەی پێمانوایە هەڵەبجە بە تەواویی فەرامۆشکراوە و قوربانییەکانی پشتگوێخراون".
رۆژی 16-03-1988، شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتەی عێراقەوە بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کرا، لە ئەنجامدا جگە لە شەهیدبوونی لانیکەم پێنج هەزار هاونیشتمانی، هەزارانی دیکەش برینداربوون. ساڵانە لەو رۆژەدا بە چەندین مەراسیمی جیاواز لە کوردستان بەگشتی و هەڵەبجە بەتایبەت، رێز لە قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەگیرێت.