لە سلێمانی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی و هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان کردبوو، ئەمڕۆش گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی راگەیاند: لە ئەمڕۆوە دەست بە تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێسەرەتان و تۆمارنەکراون دەکرێت.
بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: رۆژانە لە کاژێر 1ی دوای نیوەڕۆ تاوەکو 5ی ئێوارە زانیارییەکان وەردەگیرێن.
لەبارەی پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، بەهمەن عەبدوڵلا رایگەیاند، لە بڕیارەکەدا بەهیچ شێوەیەک باسی ژمارەکردن نەکراوە، بەڵکو جارێ تەنیا سەرژمێری و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانە، دەمانەوێت بزانین ئەو ئۆتۆمبێلانە بە دەست کێن و و ژمارەیان چەندە، چونکە تاوەکو ئێستا نازانین ژمارەیان چەندە.
بڕیاری سەرژمێریکردن و پشکنینی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، ههموو ئۆتۆمبێلە تۆمارنەکراوهكان دهگرێتهوه، بە ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتی، تەسدیری کەنداو، ژمارە ئەوروپا و ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کوردستان بە مەلیکە ناسراون.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی پێشتر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە کردووە، خاوهنی ئهو ئۆتۆمبێلانهی كه خوارمۆدێلن و تۆمارنهكراون، بهمهبهستی پڕكردنهوهی فۆرم كه لهلایهن بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی هاتووچۆی ههرێمی کوردستان دهستنیشانكراوه، دهتوانن له رۆژی 7-3 تاوەکو رۆژی 25-3 له رۆژانی فهرمی دهوامدا واتە رۆژانی یهكشهممه، دووشهممه، سێشهممه، چوارشهممه، له كاژێر 1:30 دوای نیوەڕۆ تاوەکو 05:00 سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بکەن لە تاسڵوجە.
هاتووچۆی سلێمانی دەشڵێت، له كاتی پشووی فهرانبهرانیشدا واتە، رۆژانی شهممه و پێنجشهممه، خاوهنی ئهو ئۆتۆمبێلانهی خوارمۆدێلن و تۆمارنهكراون، ههر بهمهبهستی پڕكردنهوهی فۆرم دهتوانن له کاژێر 09:30 تاوەکو 05:00ـی ئێوارە سەردانی هاتووچۆی سلێمانی بکەن.
ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە تۆمارنەکراون و لە دەرەوەی پارێزگای سلێمانین، دەتوانن بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆکانی خۆیان بکەن و نەگەڕێنەوە بۆ هاتووچۆی سلێمانی.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی راپەڕین داوای لە هەموو ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلانە کردووە کە لە سنووری ئیدارەی راپەڕینن و ئۆتۆمبێلەکانیان خوار مۆدێل و بێسەرەتان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی راپەڕین بکەن بەمەبەستی پڕکردنەوەی فۆرمی زانیاری بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان.
هاتووچۆی راپەڕین دەڵێت: "ئامانجمان تەنها وەرگرتنی زانیاری و ئاماری ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە بێسەرەتان، واتە بۆ هیچ مەبەستێکی دیکە نییە وەکو پێدانی تابلۆ یاخود ئاڕم"، پڕکردنەوەی فۆڕمەکەش لە رێککەوتی 7ی ئاداری 2021ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو 25ی ئادار.