دارستانەکانی دهۆک 'جینۆساید دەکرێن'؛ داری تەڕ و وشک پێکەوە دەبڕدرێنەوە

08-02-2025
هونەر رەشید
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی دهۆک، تەنیا لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 25 هەزار دۆنم دارستان لەنێوچووە
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی دهۆک، تەنیا لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 25 هەزار دۆنم دارستان لەنێوچووە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا، بەشێکی بەرچاو لە دارستانەکانی دهۆک بەر شاڵاوی بڕینەوەی نایاسایی کەوتوون، کە تێیدا دارە بچووک و گەورەکان بەبێ جیاوازی بڕاونەتەوە و دەبڕدرێنەوە. پارێزگاری دهۆکیش دەڵێت، بە تووندی رووبەڕووی داربڕینەوە دەبنەوە. 
 
ئەحمەد مزووری، چالاکڤانی ژینگە بە رووداوی راگەیاند: "لە دارستانەکانی ئەترووش تاوەکو بابلۆ و زاویتە، دوو جۆر داربڕ هەن. یەکەمیان خەڵکی گوندەکانن کە چاودێریی دارستاکان دەکەن و درەختەکان هەڵدەپاچن، دووەمیان بازرگانن کە بە شێوەیەکی سیستماتیک دارستانەکان وێران دەکەن و جینۆسایدیان دەکەن. ئەوان چەکدارن، ئۆتۆمبێلی بێ ژمارەیان پێیە. حکومەت ئەرکی خۆی بە دروستی کردووە، بەردەوام بەبێ وچان بۆسەیان بۆ دادەنێن، بە درۆن چاودێرییان دەکەن، دەیاندەنە دادگە، لە رێگەی هۆزایەتییەوە لەگەڵیان دەکەن، هیچ نەما نەیکەن. بۆیە پێموایە دەبێت میکانیزمێکی نوێ هەبێت و هاوئاهەنگی لەگەڵ داربڕ و خەڵکی گوند دا بکرێت."
 
لە گوندێکی نزیک دهۆک، دانیشتوویەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: "دەزانم بڕینەوەی داری تەڕ هەڵەیە، بەڵام ناچارم هەردوو جۆری دار ببڕمەوە. بەرمیلێک نەوتم پێدراوە، خۆم دوو بەرمیلم کڕیوە. بەڵام بەشی زستان ناکات. ناهێڵم منداڵەکانم لە سەرما بمرن. لەجیاتی ئەوەی منداڵەکانم لە سەرمان رەقبنەوە، ناوەڵا دارەکان دەبڕم."
 
لەدوای ئەوەی پۆلیسی دارستان هەموو رێگەیەکی لەگەڵ داربڕەکان گرتووەتە بەر، وەکو دوایین رێگەچارە، رێگەی دارستانی 7 گوند لە ناحیەکانی ئەترووش و زاویتە لە سنووری دهۆک داخراوە بۆ ئەوەی رێگری لە داربڕەکان بکرێت. بە‌ڵام بەهۆی کەمیی ژمارەی پۆلیسی دارستان، ئەوانیش ناتوانن تەواوی دارستانەکانی دهۆک کۆنترۆڵ بکەن. 
 
عەقید شڤان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی دهۆک بە رووداوی گوت: "ناچار بووین رێگەکان بگرین. لەبەر ئەوەی چەندین جارە چاودێری دەکەین و مەفرەزەکانمان بەردەوام کار دەکەن. مەفرەزەی گەڕۆکیشمان هەیە. بەڵام سەرپێچییەکان بەردەوام بوون و نیوەشەو دارەکان دەبڕدرانەوە. ئێستا رێگای دارستانی حەوت گوندمان لە سنووری ناحیەکانی زاویتە و ئەترووش داخستووە. بەهۆی کەمیی پۆلیسی دارستانەوە، ناتوانین کۆنترۆڵی تەواوی دارستانەکان بکەین."
 
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەو بارەیەوە دەڵێت: "بە تووندی بەرەنگاری ئەم دەستدرێژییانەی سەر ژینگە دەبینەوە و فەرمانم داوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە."
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی دهۆک، تەنیا لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 25 هەزار دۆنم دارستان لەنێوچووە، کە زۆربەی بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەوە بووە. هەر دۆنمێکی دارستان بە 100 دار دەخەمڵێندرێت، واتە نزیکەی 2.5 ملیۆن دار لەنێوچوون، جگە لەو دارانەی کە بە نایاسایی بڕدراونەتەوە. 
 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە