وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە دەستیپێکردەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بۆری هەرێمی کوردستان - تورکیا دەستیپێکردەوە.
 
رۆژی دووشەممە 06-02-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی توركیا و سووریای گرتەوە، بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتیی هەناردەكردنی نەوت و خۆپارێزی لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەناردەكردنی نەوت لە بۆریی هەرێمی کوردستان - توركیا راگیرا."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 07-02-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت کردەوە. 
 
وەک وەزارەتەکە دەڵێت، "کاژێر 09:45 خولەکی ئەمشەو رێککەوتی 7ی شوبات، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کورستان لە بۆری هەرێمی کوردستان - تورکیا دەستیپێکردەوە، دوای ئەوەی لە بەرەبەیانیی 6ی شوباتی ئەم مانگە بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی هەردوو وڵاتی تورکیا و سووریای گرتەوە هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکانی تورکیا راگیرا." 
 
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند.