بەهۆی بەفربارینەوە هاتووچۆ لە دەروازەی حاجی ئۆمەران راگیرا

دیمەنێکی ئەمڕۆی رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی خەریکی راماڵینی بەفری سەر رێگەکەن

رووداو دیجیتاڵ

هاتووچۆ بەهۆی بەفربارینەوە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران راگیرا.

رۆژی سێشەممە، 7-2-2023، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی 15 خولەکێک پێش ئێستا ئاگادار کراینەوە کە بەهۆی بەفربارینی زۆر لە دیوی ئێرانەوە هاتووچۆ لە دەروازەکە بەتەواوی راگیراوە".
 
سیروان حوسێن گوتیشی: "لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە گرفتی هاتووچۆ نییە؛ ئەوەی هەیە دیوی ئێرانە و بۆ کردنەوەی چاوەڕوانی پاککردنەوەی رێگەکەین لەلایەن ئەوانەوە".
 
دەروازەی حاجی ئۆمەران لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە و سەر بە پیرانشارە لە پارێزگای ورمێ.