قایمقامی پیرانشار: 500 بارهەڵگر لە دەروازەی حاجی ئۆمەران گیریان خواردووە


رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی پیرانشار دەڵێت، 500 بارهەڵگر لە دەروازەی سنووریی تەمەرچیان- حاجی ئۆمەران گیریان کردووە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی بارەکانیان دابین ناکات. گوتەبیژی دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش دەڵێت: "هیچ گرفتێک لە گەیشتنی بارهەڵگر بە دەروازەی حاجی ئۆمەران نییە و هاتووچۆ ئاساییە."
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی شوباتی 2023، خدر کاک دەروێشی، قایمقامی شاری پیرانشار رایگەیاند، نزیکەی 500 بارهەڵگر کە کاڵایان پێیە، لە پارکینگەکانی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران ماونەتەوە و نەگواستراونەتەوە.
 
بەگوتەی خدر کاک دەروێشی، لە ناوچەی چۆمان لە پارێزگای هەولێر، بەفرێکی زۆر باریوە و ئەوەش گرفتی بۆ گەیشتنی بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لە حاجی ئۆمەران دروستکردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 7-2-2023، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دەروازەی حاجی ئۆمەران هیچ گرفتێک نییە هەرچەند بارهەڵگر پێویست بێت و داواکرابێت گەیشتوونەتە دەروازەکە، هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک بارهەڵگر گەیشتوونەتە دەروازەکە و لەکاتی بەفربارینیش هیچ گرفتێکی هاتووچۆ نەبووە، بەڵام دەبێت بارهەڵگرەکان زیاتر وریابن. 
 
بە گوتەی گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، لە دیوی شاری پیرانشار بۆ دەروازەکە گەراجێک هەیە رەنگە بارهەڵگرەکان هەر لەو گەراجەی خۆیان بن و نەهاتبنە دەروازەکەوە.
 
قایمقامی پیرانشاریش دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەندەی توانیویەتی هاوئاهەنگی کردووە و تەنیا 98 بارهەڵگری بۆ ناردوون بۆ گواستنەوەی شتومەکەکانیان.
 
بارهەڵگرە ئێرانییەکان دەتوانن کاڵا و کەلوپەلەکانیان تاوەکو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بگوازنەوە دواتر دەبێت بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان بارەکانیان لێ وەربگرن و بۆ شوێنی مەبەست بیگوازنەوە. بەگوتەی قایمقامی پیرانشار، لە 10 مانگی رابردوودا بە بەهای 185 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەل لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هەناردە کراوە.