وەزارەتی گواستنەوە: بەیانیی زوو ئەگەر هەیە لە سلێمانی و دهۆک بەفر ببارێت
رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت دوای نیوەشەو شەپۆلێکی بەفربارین بەشێک لە سنووری سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بگرێتەوە؛ لە هەولێر و کەرکووکیش باران ببارێت.
رۆژی سێشەممە، 7-2-2023، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی لە زۆرینەی هەرێمی کوردستان نمە باران دەبارێت؛ لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر بارین بەردەوام دەبێت و گوتی: "لە کاتەکانی بەیانیی زوودا ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری شاری سلێمانی و شاری دهۆک هەیە".
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا نمە باران دەبارێت. ئەمشەو و بۆ بەرەبەیان ئەگەری بەفربارین لە بەشێکی سنووری پارێزگای سلێمانی و بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان هەیە؛ ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری سلێمانیش هەیە".
ئاسۆ کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی چوارشەممە و رۆژی پێنجشەممە پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت و بارستە هەوایەکی سارد هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی قووڵبوونەوەی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست و هاتنی بارستە هەوایەکی جەمسەریی سارد لەگەڵ شەپۆلەکەدا، پێشبینی دەکەین لە کاژێرە سەرەتاکانی بەرەبەیانی سبەیەوە لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بەفر ببارێت. لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بەفر دەبارێت و ئەو شارانەشی نزیکن لەچیاکانەوە ئەگەری بەفربارینیان هەیە".
لەبارەی کەشوهەوای هەولێر و کەرکووکەوە، ئەو کەشناسە گوتی، لە سەنتەری شارەکانی پارێزگاکانی هەولێر و کەرکووک ئەگەری بارانبارین هەیە بەشێوەی ناوبەناو و هەندێک جار تەرزەش دەبارێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی چوارشەممە بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
- هەولێر؛ 9 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 6 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 5 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 12 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 8 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 6 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 5 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 13 پلەی سیلیزی