سەرپەرشتیاری پرۆژەکە: بەرزبوونەوەی ئاوی دەربەندی رانیە مەترسیی بۆ پردەکە نەبووە

رووداو دیجیتاڵ

لە 24 کاژێری رابردوو ئاستی ئاوی دەربەندی رانییە بەهۆی بارانەوە بەرز بووەوە و ئەوەش وایکردبوو گومان لەوە بکرێت کە مەترسیی بۆسەر ئەو پردە نوێیە دروستبکات کە لەسەر دەربەند دروستدەکرێت، بەڵام سەرپەرشتیاری پرۆژەکە دەڵێت، کارەکان بەباشی دەڕۆن و هیچ مەترسییەک لەسەر پردەکە نییە.
 
ئەحمەد مەراقب، سەرپەرشتیاریی پرۆژەی دروستکردنی پردەکەی دەربەندی رانیە لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ شتێکی نائاسایی رووینەداوە و کارەکانمان وەک خۆیان بەباشی بەرەوپێش دەڕۆن. شەوی رابردووش تاوەکو 05:30ـی خولەکی بەرەبەیانی ئەمرۆ یەکشەممە 7-2-2021 کارمان تێداکردووە و بەردەوامین.
 
سەرپەرشتیاری پرۆژەکە لەبارەی ئەوەی ئەگەری هەیە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو مەترسیی بۆ پردە نوێیەکە دروستبکات گوتی: "ئێمە پێشبینی هەموو ئەگەرێکمان کردووە، ئاستی ئاو ئەگەر تاوەکو 14 مەتریش بەرزبێتەوە هیچ گرفتێکمان بۆ دروستناکات، ئەوەی ئێستا تەنیا 2 مەتر بووە کە ئێستا بۆ نزیکەی مەتر و نیوێک دابەزیوەتەوە". 
 
بەگوتەی ئەحمەد مەراقب، بە پڕکردنەوە بێت یان بە ئامێرێک بەناوی دوببە رێگە نادەن بەرزبوونەوەی ئاو ئاستەنگیان بۆ دروسبکات. ئەو دەڵێت: "ئەگەر ئاوەکە تاوەکو ئاستی پردە کۆنەکەش بەرزبێتەوە هیچ گرفتێکمان نابێت، ئەو ئامیرە کە ناوی دوببەیە دەچێتە سەر ئاوەکە و وەک ئەوەیە پڕکرابێتەوە".
سەبارەت بەوەی کارکردن لە پردەکە لە چ قۆناخێکدایە، ئەحمەد مەراقب گوتی، کارکردن لە پردەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، سەرەتا هەمووی بۆرد پایەڵ بوو کە 8 پیل لەخۆی دەگرێت. چوار پیلیان بە بۆرد پایەڵەکە بەرزبووەتەوە و کێشەی نییە بەڵام چوار پیلی دیکەیان گۆڕاوە بۆ ئێچ پایەڵ و گۆڕانکاریی تێدا کراوە. ئەحمەد مەراقب هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "بۆرد پایەڵ تێیدا سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا. پێشتر ئەم ئاوە پڕکراوەتەوە بۆ پەڕینەوەی خەڵک و ئۆتۆمبێل و ئەو بەردە گەورانەی خستوویانەتە نێو ئاوەکە کێشەی بۆ دروستکردین. ئێستا لەو چوار پیلەی کە ماوە ئێچ پایەڵ و شیش پایەڵ داکوتراون، هەڵکەندن و پشتێنە ماوە بۆی بکەین و ئیتر کارێکی وەهای تێدا نەماوە".
 
 
ئەحمەد مەراقب سەرپەرشتیاریی پرۆژەکە لەبارەی وادەی تەواوکردنی دەڵێت: "بەپێی پلانەکەمان ماوەی ساڵێکی بۆ دانراوە، کارەکانمان بە ریکوپێکی و بە باشی دەڕۆن، لەلایەن حکومەتەوە هەندێ گرفتمان هەبوون کە ئەویش چارەسەر کرا و ئومێد بەخوا کێشەیەکی وامان نابێت و لەماوەی دیاریکراوی خۆیدا کۆتایی پێدێت".
 
کۆمپانیای ئامانج کە کۆمپانیایەکی نێوخۆییە کاری جێبەجێکردنی پرۆژەکەی لە ئەستۆیە. ئەم کۆمپانیایە لە زۆربەی پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان کاری کردووە وەک دروستکردنی پرد لە رێگەی کەلار- دەربەندیخان کە زیاتر لە 30 پردی تێدایە، هەروەها پردەکانی ژاراوە، سەنگەسەر، سەرکەپکان، قەڵادزێ و چەندین پردی دیکە کاریان کردووە و ئێستاش بەردەوامن لە کارکردن تێیاندا.
 
درێژیی ئەو پردە نوێیە 420 مەترە و بودجەی پرۆژەکەش 10 ملیار و 300 ملیۆن دیناری عێراقییە. لە رۆژی  13-10-2020، لە رێوڕەسمێکدا بەئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان و دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەردی بناغەی پردەکە دانرا و مانگێک دوای ئەوە هەنگاوەکانی بە کرداریی لەلایەن کۆمپانیای ئامانجەوە دەستیپێکرد.