ئەحمەد تورک بە بەربژێری هەدەپە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی مێردین دەستنیشانکرا

رووداو - مێردین 

پارتی دیموكراتی گه‌لان "هه‌ده‌په‌" سیاسه‌تڤان و كه‌سایه‌تیی كورد، ئه‌حمه‌د تورك به‌ به‌ربژێری پارته‌كه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانیی مێردین ده‌ستنیشانكرد. 

له‌ رێوڕه‌سمێكدا، رۆژی چوارشەمەمە (5-12-2018) له‌ باره‌گای لقی رێكخستنه‌كانی هه‌ده‌په‌ کە له‌ مێردینی باكووری كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌حمه‌د تورك به‌ به‌ربژێری گه‌وره‌ شاره‌وانی مێردین ده‌ستنیشانكرا. 

ئه‌حمه‌د تورك خۆشحاڵی خۆی راگه‌یاند، به‌دووباره‌ پێدانه‌وه‌ی متمانه‌ پێی و رایگه‌یاند "به‌ زۆره‌ملێ قه‌یوومیان به‌سه‌ر گه‌وره‌ شاره‌وانیی مێردین راگه‌یاند و، كه‌سێكی قه‌یوومیان له‌لایه‌ن ئاكپارتییه‌وه‌ دامه‌زراند، ئێستا كاتی هاتووه‌ به ‌ده‌نگ و ئیراده‌ی خه‌ڵك دووباره‌ ئه‌ركه‌كانمان وه‌ربگرینه‌وه‌ و، بچینه‌ خزمه‌تی گه‌ل و جوانترین نموونه‌ پیشانی خه‌ڵك بده‌ین". 

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ خۆجێییه‌كانی ساڵی 2014، ئه‌حمه‌د تورك به ‌سه‌رۆكی گه‌وره‌ شاره‌وانیی مێردین هه‌ڵبژێردرا. بەڵام له‌ رۆژی 16-11-2016 به‌فه‌رمانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌كارلادرا و كه‌سێكی قه‌یوومیان له‌ شوێنی ئه‌حمه‌د تورك دامه‌زراند. 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار