پارتی بەرنامەی کاری خۆی بۆ کەرکووک بڵاوکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان درووشم و بەرنامەی کاری خۆی بۆ کەرکووکییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڵاوکردەوە و دەڵێت، "گەلی سەربەرزی کەرکووک، ئێوەن بڕیار دەدەن لەم هەڵبژاردنەدا پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بگۆڕن بە کوردێکی شیاوی جێگەی متمانەتان."
 
خالید مەولوود، بەربژێری ژمارە 5 لە لیستی 197ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ (دووشەممە، 6-11-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرنامە و کارمان بۆ هەڵبژاردن پێشوازی باشی لێ دەکرێت؛ رۆژانە سەردانی خەڵکی کەرکووک دەکەین و بەرنامەی خۆمانیان بۆ روون دەکەینەوە. خەڵکێکی زۆر ماندوون و بێتاقەتن لە دۆخەکە، بەڵام کاری ئێمەش ئەوەیە بۆیان روون بکەینەوە کە هەڵبژاردنی ئەم جارە و دیاریکردنی نوێنەری باشی کورد بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا، زۆر گرنگە."
 
خالید مەولوود کە پێشنوێژ و گوتارخوێنی یەکێک لە مزگەوتەکانی کەرکووکە گوتیشی، بەشێوەی مەیدانی سەردانی سەتان ماڵیان لە کەرکووک کردووە و توانیویانە "بۆچوونی ژمارەیەکی زۆر خەڵک بگۆڕن" بۆ ئەوەی بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستەکەیان بدەن. 
 
لە پەیام و درووشمی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پارێزگای کەرکووکدا، هاتووە "پارتی دیموكراتی كوردستان لە رابردوو و ئێستا بە بەردەوامی پرسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی كردووەتە بنەمای سەرەكی گفتوگۆكان و هەموو هەوڵێکی داوە بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی."
 
پارتی لە کەرکووک روو لە هاونیشتمانیان و خەڵکی سنوورەکە دەڵێت، "بۆ ئاساییکردنەوە و دەستنیشانكردنی دەسەڵاتی خۆجێیی" لە کەرکووک دەنگ بە لیستەکەیان ژمارە 197 بدەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بانگەشەکانی هەڵبژاردن، 40 خاڵی وەکو بنەمای سەرەکیی کارکردنی بۆ خەڵکی کەرکووک دیاریکردووە کە ئەمانەی خوارەوەن:
 
1- جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور، هۆكارێكی سەرەکییە بۆ سەقامگیری و ئارامی لە عێراقدا. 
2- پێداگرین لەسەر ئاساییکردنەوەی {دۆخی} ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
3- پەیامی لیستی 197 پەیامی هاریکاری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هەماهەنگی نێوان هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكانە.
4- لیستی 197 کاردەکات لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان بێ جیاوازی. 
5- ئامانجی لیستی 197ـی پارتیمان خۆشگوزەرانی و رەخساندنی هەلی کارە بۆ هەمووان.
6- لیستی 197ـی پارتیمان گرنگی زیاتر بە خوێندنی کوردی دەدات لە كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان.
7- لیستی 197 پێداگیری لەسەر نەهێشتنی ئاسەوارەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکات.
8- لیستی 197 لە روانگەی رێبازی پیرۆزی بارزانییەوە جەخت لە پێکەوەژیانی پیکهاتەکانی کەرکووک دەکاتەوە. 
9- پارتی لەپێش هەمووانەوە لەپێناو کوردستانییەتی کەرکووک قوربانی داوە و بەردەوامیش دەبێت.
10- لیستی 197 بەگرنگییەوە لە بەشداریی کارای ئافرەتان دەڕوانێت لە گشت بوارەکاندا.
11- بەردەوام دەبین لە پاراستنی ناسنامە و کوردستانیبوونی کەرکووک.
12- لیستی 197 كار دەكات بۆ چارەسەركردنی گرفتی کاسبکارانی شاری کەرکووک.
13- لیستی 197 كار دەكات بۆ گرنگیدان بە وەرزشوانانی پارێزگای کەرکووک. 
14- لیستی 197 كار دەكات بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ گەڕەکە پشتگوێخراوەکان و چارەسەری کێشەکانیان.
15- لیستی 197 کاردەکات بۆ تەواوکردنی پرۆژە خزمەتگوازییە وەستێندراوەكان. 
16- خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر و دەرهاویشتەکانی لە بیر ناکەین؛ کەرکووکیەکان ئێوەش لە بیری مەکەن.
17- پارتی خۆسەپاندن و فەرزکردنی ئەمری واقیع بەسەر کەرکووکییەکاندا رەتدەکاتەوە.
18-  لیستی 197 كاردەكات بۆ ساڕێژكردنی نەهامەتی و برینەکانی 16ـی ئۆكتۆبەر. 
19- بۆ دووبارەنەبوونەوەی شانزەیەكی دیکەی ئۆكتۆبەر، لیستی 197 هەڵبژێرە و كەركووك بخەره نێو دەستێكی ئەمین.
20- گەلی سەربەرزی کەرکووک، ئێوەن بڕیار دەدەن لەم هەڵبژاردنەدا پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بگۆڕن بە کوردێکی شیاوی جێگەی متمانەتان. 
21-لیستی 197 رێز لە تێكۆشەرانی دێرینی رۆژانی سەختی خەبات دەگرێت.
22- لیستی 197 کاردەکات بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگی فرەکولتووری لە کەرکووک.
23-لیستی 197 جەخت دەكاتەوه لە سەر فرەیی ئایینی، نەتەوەیی و سیاسی و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردنیان.
24-لیستی 197 جەخت لەسەر چارەسەری بنەڕەتی کێشەی زەویوزاوری جووتیاران لە پارێزگای کەرکووک دەكاتەوه.
25- پارتیمان هەمیشە پارێزەری دەستکەوتەکانی گەل و بەدەستهێنەری مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانە. 
26-لیستی 197 کاردەکات بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک. 
27- پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییە بۆ ئاییندەیەكی گەشتر لە کەرکووک. 
28- جەخت لە رێزگرتن لە ئیرادەی گەل و قووڵكردنەوەی دیموكراسی و باڵادەستیی سەروەری یاسا لە کەرکووک دەكەینەوه. 
29- نووسەر، رۆشنبیر، رۆژنامەنووس و هونەرمەندانی کەرکووک رووی گەشی شارستانی و هەوێنی پێشكەوتنی كۆمەڵگەن. پارتی تێدەکۆشێت بۆ پاراستنی ئازادی و مافە رەواکانیان.
30- پارتی لە کەرکووک مافە نەتەوەیی، فەرهەنگی و کارگێڕییەکانی کورد، توركمان، عەرەبی رەسەن، كلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن دەپارێزێت.
31- هەوڵی دەستەبەری مافەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەدەین.
32- خەڵکی کەرکووک دڵنیادەكەینەوه، هەرگیز سازش لەسەر مافە رەواكانیان ناكەین و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان بە ستوونی سیاسەت و ستراتیژیی خۆمان دەزانین.
33- خزمەتکردنی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی كوردستان بە ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆمان دەزانین.
34- دەنگدان بە لیستی 197 گەڕانەوەی هێزە بۆ مافە دەستوورییە پێشێلێکراوەکان. 
35- ئاوەدانی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە دێهاتەکان بەرنامەی لیستی 197ـی پارتیمان دەبێت.
36- پارێزەری شكۆی تاک بە تاكی خەڵکی كەركووک دەبین.
37- كەركووك دەبووژێنینەوه و سەقامگیری، ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بۆ دەگەڕێنینەوه.
38- ئەگەر دەتەوێت دەسەڵاتی كەركووك بۆ كەركووكییە رەسەنە دڵسۆزەكان بگەڕێتەوه، دەنگ بده بە لیستی 197.
39- بڕیاری سەركردایەتی پارتیمان بە بەخشینی گەورەترین بارەگای خۆی بە زانكۆی کەرکووک، سەلمێنەری خەمخۆری پارتیمانە بۆ شارەکە.
40- بە زامنکردنی مافەکان، دادپەروەری دێتەدی.
 
بڕیارە 18-12-2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگا و بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. کەرکووک جیا لە پارێزگاکانی دیکە، لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تێدا نەکراوە.