وردەکاریی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییەک بەهۆی گڕگرتنی گۆڕەرێکی کارەبا لە چوارقوڕنە
رووداو - راپەڕین
سلێمان حەسەنی تەمەن 51 ساڵ، هاونیشتمانییەکە لە کۆڵێن ستی سەر بە شارۆچکەی چوارقوڕنە، ئەمڕۆ هەینی بەهۆی گڕگرتنی گۆڕەرێکی کارەبا (محاویلە) و نزیکبوونەوەی لێی، کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا.
بە گوتەی شایەتحاڵەکان خاوەنی ماڵەکە لە سەربانی خۆیان سەرقاڵی ئیزوگام بووە، لەو کاتەدا ئاگر کەوتووەتەوە و ویستوویەتی لە سەربانی ماڵەکەی بێتە خوارەوە، لەو کاتەی کە نزیک دەبێتەوە لە گۆڕەرەکە، کارەبا دەیگرێت و راستەوخۆ گیان لەدەستدەدات.
سەربەست عوسمان شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە و بە رووداوی گوت، "ئاگرەکە زۆر بوو، تەقریبەن 15 خولەک بۆ 20 خولەک نەمانوێرا نزیک ببینەوە، دوای ئەوە ئەو کەسەمان لە بەتانییەک ئاڵاند، نزیکەی نیو کاژێریش دەبێت کە نێردراوە بۆ دادپزیشکی رانیە."
محەممەد نەوزاد، شایەتحاڵێکی دیکەیە لە رووداوەکە، ساتی رووداوەکەی گێڕایەوە و گوتی، "ئەوەندەم زانی کارەبا گرتی و کەوتە خوارەوە، تەنانەت خۆی دەجووڵاند، دواتر خەڵک لە دەوری کۆبوونەوە."
بەرگریی شارستانیی راپەڕین لەسەر رووداوەکە دەڵێت، لە کاتی رووداوەکەدا تەنیا خاوەنی ماڵەکە لە سەربانی خانووەکە بووە و تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە.
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین رایگەیاند، "لە سەربانی ماڵەکە نەوت هەبووە، هەندێک کەلوپەلی کاری ئیزوگامیشی لێبووە لەگەڵ بتڵی غازدا، محاویلەی گەڕەکەکە سووتا، شۆرتی کردووە لەو کاتەدا. بۆیە دەڵێین ناڕوونە تاوەکو ئێستا، بەڵام ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس لە لێکۆڵینەوەداین بۆئەوەی بزانین هۆکارەکە چییە."
لە ماوەی کەمتر لە 48 کاژێری رابردوودا، دوو کەس بەهۆی بەرکەوتنیان بە تەزووی کارەبا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین گیانیان لەدەست داوە، لە نۆ مانگی رابردوودا تاوەکو ئێستا شەش کەس بە تەزووی کارەبا گیانیان لەدەستداوە.