ئاسایشی هەرێم: بێهزاد خوسرەوی خۆی داوای کردووە رەوانەی ئێران بکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاونیشتمانییەکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیان دەستگیر کردووە، دواتر خۆی بەڵێننامەی پڕکردووەتەوە و داوای کردووە رەوانەی ئێران بکرێتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، "دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هاووڵاتی بێهزاد خوسرەوی، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوون لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەناو شاری سلێمانی دەستگیر کرا، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستانی نییە و (ئەو بابەتە) پەیوەندیی بە کاری سیاسییەوە نییە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "بێهزاد خوسرەوی داوای گەڕانەوەی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، بۆ ئەم مەبەستەش ئاسایشی سلێمانی بەڵێننامەیەکی یاسایی پێ واژۆ کرد، کە داواکار لەسەر خواستی خۆی دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران."
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە هێزەکانی ئاسایشی سنووری سلێمانییە، ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە بەو هاونیشتمانییە، رێکارە یاساییەکانی گەڕانەوەی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ جێبەجێ کراوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو هاونیشتمانییە 31ی مانگی رابردوو لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە رادەستی دەسەڵاتی ئێران کراوە.
 
بێهزاد خوسرەوی ساڵی 1987 لە سەقز لەدایکبووە و لە 2014ـەوە نیشتەجێی شاری سلێمانی بوو و فۆرمی پەنابەرێتیی کۆمیسیاریی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەبوو.
 
بەپێی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، بێهزاد نیڤشکان بووە، "دوای ئەشکەنجەدان" رادەستی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران کراوەتەوە.
 
هێزە ئەمنییەکانی سنە رۆژی یەکشەممە 01-09-2024 پەیوەندییان بە برای بێهزاد خوسرەوی کردووە کە نیشتەجێی شاری سەقزە و هەواڵی گەڕاندنەوەی براکەیان پێداوە و پێیان گوتووە، لە سنە راگیراوە و دەدرێتە دادگە.