بەرەی تورکمانی رەتیدەکەنەوە بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى بەرەى تورکمانى بە فەرمى وەڵامى داوایەکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دەداتەوە، کە داوایان لێکرابوو بەشداریى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بکەن و دەڵێت، تاوەکو سکاڵاکەیان لە دژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی شارەکە یەکلا نەبێتەوە، بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە ناکەن، بەڵام ئەندامەکانیان لە باڵەخانەى ئەنجوومەن ئامادەدەبن.
رۆژی 3ى ئەیلوولی 2024، حەسەن توران، سەرۆکى هاوپەیمانیى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو لە کەرکووک نووسراوێکى ئاراستەى ئەنجوومەنى پارێزگاى شارەکە کردووە و تێیدا، جەختى لەوە کردووەتەوە کە فراکسیۆنەکەیان نوێنەرى "شەرعى" پێکهاتەى تورکمانن لە ئەنجوومەنى پارێزگا و سکاڵایەکى لە دژى رێوشوێنەکانى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی پێشکیش کردووە و ئەو رێوشوێنانەى بە "نایاسایی" ناوبردووە.
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رۆژی 6ـی تشرینى دووەمى 2024ـی دیاریکردووە بۆ تاوتوێکردنى دوو سکاڵاى بەرەى تورکمانى و هاوپەیمانیى عەرەبی دژی پێکهێنانی حکومەتى خۆجێیی کەرکووک.
رۆژی 10ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد، پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب، ليستى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو، هاوپەیمانیى عەرەبی، پارتى بایکۆتى ئەنجوومەنیان کرد.
حەسەن توران لە نووسراوەکەیدا جەختى لەوە کردووە کە بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا تاوەکو سکاڵاکەیان یەکلا دەبێتەوە، بەڵام بەردەوام دەبن لە ئامادەبوون لە باڵەخانەى ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ "پێشکێشکردنى خزمەتگوزاری بە سەرجەم رۆڵەکانى پارێزگاکە".
ئەو نووسراوەى سەرۆکى بەرەى تورکمانیی یەکگرتوو کە خاوەنى دوو کورسیی ئەنجوومەنن، لە وەڵامى نووسراوێکى محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بووە، کە لە یەکى ئەیلوول ئاراستەى کردوون و داوایان لێدەکات ئەندامەکانى فراکسیۆنەکەیان ئامادەبن لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا و بەربژێرانیان پێشکێش بکەن بۆ ئەو پۆستانەى بۆ پێکھاتەى تورکمان لە ئەنجوومەنى پارێزگا و حکومەتى خۆجێی داندراون.
24 ى ئاب ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کۆبووەوە و داوایان لە تورکمانەکان کرد بۆ پڕکردنەوەى ئەو پۆستانەى بۆیان دیاریکراوە بەربژێر بنێرن.
پێکهێنەرانى حکومەت خۆجێیی کەرکووک 18 پۆستیان بۆ پێکهاتەى تورکمان داناوە ، لەوانە جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا، جێگرێک و یاریدەدەرێکى پارێزگار.