بریندارێکی خۆپێشاندانەکەی کەرکووک لە هەولێر نەشتەرگەری بۆدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، بریندارێکی خۆپێشاندانەکەی کەرکووک گەیێندرایە هەولێر و نەشتەرگەری بۆدەکرێت.

محەممەد عەدنان، یەکێک لە بریندارەکانی خۆپێشاندانەکەی رەحیماوایە. باوکی محەممەد بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، لەبەر خراپیی دۆخی تەندروستی، بەپەلە محەممەد رەوانەی هەولێر کراوە بۆئەوەی لە هەرێمی کوردستان چارەسەری پزیشکی پێویستی بۆ بکرێت. 
 
گۆران مەهدی، یەکێک لە هاوڕێکانی محەممەد عەدنان، بەیانیی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا محەممەد عەدنان لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە شاری هەولێر لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە. گوتیشی، "گولـلەیەک بەر سکی محەممەد عەدنان کەوتووە و ریخۆڵەی گرتووە و تاوەکو ئێستا دەرنەهێنراوە، دۆخی تەندروستی ناجێگیرە؛ بۆیە هێناومانەتە هەولێر و چاوەڕێین چارەسەری پێویست وەربگرێت". 
 
رۆژی شەممە، 2-9-2023، بەشێک لە هاونیشتمانیانی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و دواتر گرژی دروستبوو و لە ئەنجامدا 4 هاونیشتمانی بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکەش برینداربوون. 
 
خۆپێشاندانەکە لە بەرامبەر رێگەگرتنی رێگەی هەولێر- کەرکووک بوو کە چەند رۆژێک بوو لە لایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانەوە گیرابوو.