گوتەبێژی هاوپەیمانان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ماڵئاوایی لە رۆژئاڤای کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە حەسەکەی رۆژئاڤای کوردستان بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە گوتەی ماڵئاوایی پێشکێش دەکات و بە ئامادەبووان دەڵێت "دەمەوێت لە دڵەوە سوپاسگوزاریی خۆم بۆ ئێوە دەرببڕم".
 
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا روودەکاتە مستەفا بالی، بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و پێی دەڵێت "تۆ وەکو برایەک دادەنێم، ئەو شێوەی کە ئێمە بە وشە شەڕی داعش دەکەین..." دواتر کەمێک دڵی پڕدەبێت و چاوی پڕدەبێت لە فرمێسک و پێی دەڵێت "ببورە، کەمێک دڵم پڕ بووە"، دواتر مستەفا بالی وەکو دڵنەوایی لەباوەشی دەگرێت، پاشان کاگینز لە قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت "یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانیمان رێک دوای کانیی ئاشتی بوو؛ دەزانم ئەوکاتە چەند سەخت بوو بۆ ئێوە و خێزانەکانتان".
 
کانیی ئاشتیی ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا بوو کە لە کۆتایی ساڵی 2019 بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامیدا، لەوانە سەرێکانی.
 
گوتەبێژی هاوپەیمانان لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی "لەپشت ئەم جلە سەربازییانەوە، ئێمەش مرۆڤین. ئێمە باشترین شت کە بتوانین دەیکەین بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئەم ناوچەیە؛ تاوەکو بتوانن هەمان ئەو ئاشتی و خۆشگوزەرانییەیان هەبێت کە هەموو وڵاتانی دیکەی ئەندامی هاوپەیمانی هەیانە".
 
کاگینز گوتیشی، ئەو قسانە بەناوی تەواوی ئەو 77 ئەندامەی هاوپەیمانێتییەوە دەکات کە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشن، دەشڵێت "بۆیە دەمەوێت داوا لە هەمووتان بکەم کە ئاگاتان لە خۆتان بێت، ئاگاتان لە خێزانەکانتان بێت".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی ئەیلوولی 2020 لە شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، مایڵز کاگینز،  دوای نزیکەی ساڵێک وەکو گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە، کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا و رایگەیاند، خۆشحاڵە بە دۆستایەتیی لەگەڵ کورد، "ئێستاش لە کوردستان چەندین دۆست و هاوڕێم هەن". گوتیشی، هەرێمی کوردستان "رۆڵێکی زۆر گرنگ و بەرچاوی بینیوە" لە شەڕی دژی داعش. هاوکات گوتەبێژی نوێی هاوپەیمانییەکەش دیاریکرا.
 
سێ رۆژی دیکە کاگینز کۆتایی بە ئەرکەکەی دێت و وەین مەراتۆ کە وەکو گوتەبێژی نوێی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دیاریکراوە، دەستبەکاردەبێت.