بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی سلێمانی تۆڕی ئاویان نییە

رووداو-سلێمانی

لە وەرزی بەهار و هاویندا، کێشەی کەمئاوی لە شاری سلێمانی بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکان بێزار دەکات، ئەگەرچی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاو، کێشەکە بۆ نەبوونی تۆڕی ئاو لەو گەڕەکانە دەگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەو گەڕەکانەش تۆڕی ئاویان هەیە، بێ کێشە نین.


ئامانج جەلال ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 15% بۆ 20 % ی گەڕه‌كه‌كانی سلێمانی تۆڕی ئاویان بۆ رانه‌كیشراوه‌ و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی سلێمانییه‌وه‌ به‌ تەنكه‌ر ئاویان بۆ ره‌وانه‌ ده‌كرێت، هه‌ندێك كه‌سیش‌ كه‌ تەنكه‌ری ئاویان هه‌یه‌، له‌ بیرەکانەوە ئاو دەگوازنەوە بۆ گەڕەکە بێئاوەکان و بە هاونیشتمانیانی دەفرۆشنەوە".

جگە لە نەبوونی ئاو، خەمی دیکەی خەڵک کوالێتی ئەو ئاوەیە کە بە تەنکەر بۆیان دەڕوات، بەڵام گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەڵێت: "ئێمه‌ وه‌ك به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی سلێمانی، به‌رپرسیار نین له‌ كوالێتی ئه‌و ئاوه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ئاگاداری ئه‌و تانكه‌رانه‌ نین كه‌ ئاو ده‌فرۆشنه‌وه‌ به‌ ماڵان".

لەبارەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ گەیاندنی ئاو بە تەواوی گەڕەکەکانی سلێمانی، ئامانج جەلال گوتی: "ئێستا کارکردن له‌ پرۆژه‌ی ئاوی كه‌نه‌سووره‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌و به‌شه‌ی پرۆژه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ نزیکەی هەزار و 500 ماڵ، هێڵی ئاویان پێگەیشتووە. ئەو گەڕەکەکانەش هێڵی ئاویان نییە، هۆکارەکەی قەیرانی داراییە لە سێ ساڵی رابردوو و کارکردن تێیاندا راوەستاوە".