بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان: 40٪ی کارەکانی جووتسایدی سپیلک - خەلیفان تەواوبوون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان رایدەگەینێت، فەرمان و مەرسوومی هەرێمی بۆ بەقەزابوونی خەلیفان دەرچووە و چەند رێکارێکی کارگێڕی ماوە بۆ ئەوەی ببێتە قەزا، دەشڵیت، ئەمساڵ بەبەهای نزیکەی سێ ملیار دینار چەند پرۆژەیەکیان لە ناوەندی خەلیفان و گوندەکانی جێبەجێکردوە و 40٪ی کارەکانی پرۆژەی رێگەی سپیلک - خەلیفان تەواوبووە کە بە گوژمەی 70 ملیار دینار جێبەجێدەکرێت.
مەغدید عەریف ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، لەناوەندی شارۆچکەی خەلیفان، گرفتی کەمئاوی بوونی نییە و لەکۆی 63 گوند لە سنووری خەلیفان نزیکەی هەشت گوند گرفت و کێشەی کەمئاوییان هەیە و تائێستا تۆڕی ئاوی خواردنەوەیان نییە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان، هۆکاری گرفتی کەمئاوی لە گوندەکانی سنوورەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بیری ئاوی بەشێک لە گوندەکان وشكی کردووە و سەرچاوەی ئاوی گوندەکان کەمیکردووە، بەڵام وەکو هەنگاوی جێگرەوە بەتانکەر ئاو بۆ ئەو گوندانە دابیندەکەن و رۆژانە ئاوی خواردنەوە دەگەیندرێتە گوندەکان و هەر ماڵێک رۆژانە هەزار لیتر ئاوی بۆ دابیندەکرێت.
ناحیەی خەلیفان دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 63 گوند دەکەوێتە سنووری ناحییەکە و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 40 هەزار کەس دەبن کە زیاتر لە 21 هەزاریان لە ناوەندی ناحییەکەدا نیشتەجێن.
مەغدید عەریف ئەحمەد گوتیشی، ئێستا بە گوژمەی نزیکەی ملیارێک دینار چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری و ئاو لەناوەندی خەلیفان و چەند گوندێکی سنوورەکەدا جێبەجێدەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا کارکردن لە پرۆژەی جووتسایدی سپیلک - خەلیفان بەردەوامە، گوژمەی پرۆژەکە 70 ملیار دینارە و 40٪ی کارەکانی تەواوبووە و پرۆژەی رێگەی سپیلک - خەلیفان پرۆژەیەکی ستراتیژییە لە سنووری ئیدارەی سۆران و تەواوکەری رێگەی هامڵتۆنە."
دانیشتوانی گوندی زێڕەمیر لە سنووری خەلیفان لە رێگەی رادیۆی رووداو گلەیی لە گرفتی کەمئاوی گوندەکەیان دەکەن و دەڵێن چەند ساڵێکە بەدەست ئەو کێشەیەوە دەناڵێنن.
بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان دەڵێت، گوندی زێرەمیر کێشەی ئاوی ژێر زەویی هەیە و لە سنووری پاوانی گوندی جۆنەرەوە بیری بۆ هەڵکەندراوە، ئەوەش وادەکات تێچووی پرۆژەکە زیاتر بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، ناحیەی خەلیفان لە سنووری ئیدارەی سۆران بکاتە قەزا.
مەغدید ئەحمەد، ئاماژەی بەوەکرد،" بڕیاری بەقەزابوونی خەلیفان دەرچووە و هەروەها فەرمانی هەرێمی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەقەزاکردنی ناحییەکە دەرکراوە و ئێستا هەندێک رێکاری کارگێڕی ماوە بۆ تەواوکردنی هەموو رێکارەکان.
لەبارەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری ناحیەی خەلیفان؛ گوتیشی، " لە دوو رۆژی رابردوودا رێگەی چوار گوند لە سنووری ناحیەکە بە گوژمەی ملیارێک و 50 ملیۆن دینار تەواوکراون، ئەو رێگەیە خەلیفان بە ناحیەی دینارتە و ئاکرێ دەبەستێتەوە."
گوتیشی، "رێگەی مەلەکان، بە گوژمەی 800 ملیۆن دینار بەشێکی رێگەکە چاک دەکرێت و ژمارەیەک قوتابخانە و بنکەی تەندروستی لە قۆناخی نۆژەنکردنەوەدان."