رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، سیستەمی یەکپۆشییان بۆ ساڵی نوێی خوێندن راگەیاندووە و ئامانجیان ئەوەیە جیاوازیی کۆمەڵایەتی کەمبکەنەوە و خوێندکاران زیاتر بیر لە خوێندنەکانیان بکەنەوە نەک جلوبەرگەکانیان.
ئەمڕۆ شەممە، 6-8-2022، د.کامەران یوونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پار لە زانکۆی هەولێری پزیشکی بووم توانیم سیستمی یەکپۆشی تاڕادەیەک لەو زانکۆیە جێبەجێ بکەم، ئەمساڵ لە ئەنجوومەنی زانکۆ پێشنیازم کرد لە زانکۆی سەلاحەدینیش پەیڕەو بکرێت و پرسی چەند خوێندکارێکیشمان کردووە و بیرۆکەکەیان پێ باشبووە."
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت: "ئامانج ئەوەیە جیاوازیی کۆمەڵایەتی کەمبکەینەوە، چونکە هەستی قوتابییانی هەژار دەبینم، سەردانی بەشە ناوخۆییەکانم کردووە و قوتابی هەیە مانگی جارێک جلی خۆی نەگۆریوە، هەروەها ئەو سیستمە وادەکات خوێندکار زیاتر بیر لە خوێندنەکانیان بکەنەوە نەک جل و بەرگەکانیان."
لە زانکۆی سەلاحەدین بۆ ئەوەی بۆچوونی خوێندکاران لەبارەی سیستەمی یەکپۆشی وەربگیرێت راپرسییەک راگەیێندراوە، لەو بارەوە، د،کامەران یوونس گوتی: "ماوەی سێ رۆژە راپرسییەکم راگەیاندووە کە تەنیا لە یەکەم رۆژدا، شەش هەزار خوێندکار لەگەڵ ئەوە بووە یەکپۆشی پەیڕەو بکرێت، بڕیارە ئەو راپرسییە تاوەکو هەفتەیەک بەردەوام بێت و دواتر سەرجەم ئامارەکان بڵاودەکەینەوە."
لەبارەی ئەو رەنگانەی دیاریکراوە گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە یەکپۆشی پەیڕەوبکرێت، ئاماج لەوە نییە رەنگەکان چۆن و چی بن، تائێستا گفتوگۆ لەبارەی رەنگی رەساسی، سپی و رەش کراوە، بەڵام دەکرێت رەنگی دیکەش زیاد بکرێت، یاخود رەنگەکان بگۆڕدرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ