قایمقامی پێنجوێن دەست لەکار دەکێشێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی پێنجوێن نامەی دەستلەکارکێشانەوەی رادەستی پارێزگاری سلێمانی کرد. پارێزگاریش نامەکەی ناردووە بۆ وەزارەتی ناوخۆ.
 
زانا رەحمان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای مانگی نیسانی ئەم ساڵ، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی داوەتە پارێزگاری سلێمانی و بزووتنەوەی گۆڕان.
 
بەگوێرەی لێدوانەکەی قایمقامی پێنجوێن، رێکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی لە پارێزگا کۆتاییهاتووە و نامەکەی نێردراوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تاوەکو رەزامەندی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەی بدەن.
 
لەبارەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی، زانا رەحمان بە رووداوی گوت "هۆکارەکەی ئەوەیە 10 ساڵە لەوێم. هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە دەمەوێت کەسێکی دیکە بە رۆح و بەرنامەی تازەوە (بێتە شوێنەکەم)، بەڵکو دەرگایەکی دیکە لەسەر پێنجوێن بکرێتەوە."
 
هەروەها رایگەیاند "بزووتنەوەی گۆڕان زۆر پێداگیریی کرد، کە وازنەهێنم و هەتاوەکو ئەمڕۆش پێداگر بوون.'' بەڵام وەک گوتی ئەو سوورە لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەی، دەشڵێ تاوەکو ئەوکاتەی فەرمانی وەزاری دەردەچێت، لەکارەکەی بەردەوام دەبێت. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پارێزگاری سلێمانی داواکەی بۆ وەزارەتی ناوخۆ ناردووە، ئەگەر پەسندکرا، کەسێکی دیکە لەجێی دادەنرێت.
 
زانا رەحمان، ماوەی 10 ساڵە قایمقامی پێنجوێنە و لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەکەی وەرگرتووە.