لە هەڵەبجە زەوی بۆ مەیدانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان دابین دەکرێت؛ ئاژەڵداران گلەیی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

دوای زياتر لە 20 ساڵ، بڕیارە زەوییەک بە رووبەری یەک دۆنم ببێتە مەيدانی کڕين و فرۆشتنی ئاژەڵان لە هەڵەبجە، ئاژەڵفرۆشان داوا دەکەن خزمەتگوزاری بۆ زەوييەکە دابين بکرێت، بەشێکیشیان گلەییان هەیە.
 
نەوشيروان خاليد، ئاژەڵدار دەڵێ "حکومەت ئەم شوێنەی بۆ دابين کردووين، دەستيان خۆش بێت. دەمانەوێت ئێرە چەوڕێژ بکەن و تۆزێ پاکی بکەنەوە تاوەکو مەيدانەکە بکەوێتەوە سەرپێ. ئێمە کە مەيدانی ئاژەڵان نەبوو، چووينەتە سلێمانی، حاجیاوا، سەيدسادق و هەولێريش، لەوێ ئاژەڵەکە دەکڕين، کرێيەکی زۆریشمان لەسەر بوو و ئێمەش بە گرانی دەیدەین، کە ئەمە هەبێت، نرخی گۆشتيش دادەبەزێت."
 
گرفتی ئاژەڵدارەکان تەنها نەبوونی شوێنی گونجاو نييە، ئەوان باس لەوە دەکەن، کە بەشێکيان سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەویش.
 
ئيبراهيم یەکێکە لەو ئاژەڵدارانەی گلەیی هەیە، لەڕێی رووداوەوە دەردەدڵی دەکات و دەڵێ "شارەوانی و سەنديکا هاتن و ئەمەيان دابەش کرد کە 94 ژمارەیە، کەس نازانيت چۆن دابەشکراوە."
 
هەروەها دەڵێ "داوا دەکەين شارەوانی بێت بەدەممانەوە، بزانێت کێ شایستەیە، با چوار پياو لەم کاسبکارانە هەڵبژێرن و بڵێن ناومان بۆ بنووسنن، بزانن کی شایستەیە با زەوی وەربگرێت. ئێمە، خۆمان دەزانين کێ کاسبکارە، ئەگەرنا 94 ژمارە دابەشکراوە، 25 کەس وەریگرتووە." 
 
سەرۆکايەتیی شارەوانیی هەڵەبجە، لیژنەيەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاژەڵدارەکان دروستکردووە.
 
ئەندازيار سەلام بيلال، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە دەڵێ "من، لەگەڵ ستافێکی ئەندازیاری سەردانی شوێنەکە دەکەم تاوەکو لە نزيکەوە بزانم پێشووتر چی کراوە و، ئێستە چی پێويستە بکرێت و، ئەو کێشە و گرفتانەی دەبنە رێگر لەبەردەم ئيش و کاری ئەوان، چارەسەربکرێن."
 
سەرۆکی شارەوانی گوتیشی "من، لیژنەيەک پێکدەهێنم بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بەو کەسانە بکات، کە زەوييان وەرگرتووە. دڵنياتان دەکەمەوە ئەوەی پيشەی ئاژەڵداری دەکات، دەبێتە خاوەن زەوی خۆی، ئەوەشی ئاژەڵدار نەبێت و زەوی بە هۆکار وەرگرتبێت، نابێتە خاوەنی."
 
زياتر لە 350 ئاژەڵفرۆش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەن، کە کاری کڕين و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکەن.