بافڵ تاڵەبانی بۆ مەسعود پزیشکیان: بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هاریکاری و کاری پێکەوەیین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران کرد و دەڵێت، حیزبەکەی "بەپەرۆشەوە چاوەڕێی هاریکاری و کاری پێکەوەییە."
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لەم دەرفەتەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و برایەتیی لەمێژینەی نێوان گەلی کورد و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندی و بەها باڵاکانی نێوانمان دووپات دەکەینەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتیدا هاتووە، حیزبەکەی "بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هاریکاری و کاری پێکەوەییە لە بوارە جیاوازەکان و گەشەپێدانی هەماهەنگییەکان."
 
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، "دڵنیاین کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرکردایەتیی بەڕێزتان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆست."
 
بەپێی ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی 14یەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، مەسعود پزیشکیان وەکو نۆیەمین سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا.
 
زیاتر لە 30 ملیۆن و 573 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدارییان کردبوو؛ پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا.
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، زیاتر لە 61 ملیۆن و 452 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو کە 49.8%یان دەنگیان دا و مەسعود پزیشکیان بەسەر سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەرکەوت.