بازرگانێک نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار پارەی خەڵک دەبات و دەچێتە دوبەی
رووداو - سلێمانی
بەشێک لە خاوەن پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی دەڵێن، بازرگانێک یەک ملیۆن دۆلار پارەی لێ بردوون، بەگوتەی ئەوان، ئەو بازرگانە پێشتر لە یەکێک لە پێشانگەکان کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کردووە، زیاتر لە پێنج ساڵیشە لە دوبەی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو دەنێرێتەوە هەرێمی کوردستان.
زانا خالید، یەکێکە لەو بازرگانانەی کە بۆ چارەنووسی پارەکەی لە دوبەی چووەتە لای ئەو بازرگانەی کە پارەکەی بردوون، لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "من و هەموو ئەو کەسانەی دیکە کە پارەمان دابووە ئەو پیاوە، لە دوبەی لەگەڵ کاک دابان دانیشتین، هەر لەوێ نزیکەی 50 دەفتەر زیاتر دەبوو، بەڵام وەکو باسی لێوە دەکەن و دەڵێن، ملیۆنێک دۆلارە، من کەسی ترم نەبینیوە، بەڵام دەڵێن: سەروو ملیۆنێک دۆلارە. ئەم پیاوە خۆی نەیگوتووە من ئیفلاسم کردووە و دینارێکم پێ نییە، بەڵکو دەڵێ بەسەرچاو پارەکەتان دەدەمەوە، کەی نازانم؟".
زانا خالد هەروەها باسی لەوەش کرد: "من خۆم ئۆتۆمبێلێکم کڕی لەسەر ئەکاوەنتی ئەو لە ئەمریکا و پاشان ئۆتۆمبێلەکە هاتە دوبەی، بە 20 هەزار دۆلار هی من و هاوڕێیەکی دیکەم بوو، تەنیا ئەوەی من 16 هەزار دۆلار بوو، من تەنیا ئەوەندە پارەم لایەتی".
بەڵێن دڵشاد، بازرگانێکی دیکە و 12 هەزار دۆلاری داوەتە دابان، ئەو ئومێدی هەیە کە پارەکەی بگەڕێتەوە و دەڵێت: "ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربووین، ئیش و کارەکانی باش بەڕێوەدەچوون، بەڵام لەم ماوەیەی پێشوو ئەو کەسانەی هاوبەشی بوون، نزیکەی 400 هەزار دۆلاریان لێوەرگرتەوە و، وازیان هێنا لە هاوبەشی لەگەڵیدا، بۆیە ئاوهای لێهات".
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ بازرگانەکە قسەی کرد، ئەو لەڕێگەی نامەی دەنگییەوە رایگەیاند، بەمنزیکانە هەموو پارەکانیان دەداتەوە و گوتی: "نە پارەی کەسم خواردووە و نە راشم کردووە بۆ دوبەی، بەڵکو من خۆم هەر لەوێ ئیش دەکەم، پێشتر من ئیقامەی مانەوەم نەبووە و پارە و مامەڵەکانم بەناوی خەڵکی دیکەوە بووە، ئێستا ئیقامەم وەرگرتووە و لەوێ خۆم کارەکان دەکەم، بەڵام بەهۆی گرفتی ئیدارییەوە کاتی دەوێت، من هەموو پارەکانیش کە لامە دەیاندەمەوە، بەڵام ئەو بڕە پارە زۆرەش نییە کە باس کراوە".
لەبارەی ئەم دۆسیەیە، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای لەسەر ئەو کەسە تۆمار نەکردووە".
هەموو ئەو کەسانەی کە پارەکەیان بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل داوە بە دابان، چاوەڕێی دوای جەژنن تاوەکو ئۆتۆمبێل یان پارەکانیان بۆ بێتەوە سلێمانی.