بازرگانیی عێراق بۆ جووتیارانی کوردستان: لەگەڵ رادەستکردنى گەنم چەکی پارەتان دەدرێتێ
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری دا دەست بە وەرگرتنی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانیى دانەوێڵەى عێراق دەڵێت، هەمان رۆژى رادەستکردنى گەنم، چەکى پارەی گەنمەکە بۆ جووتیاران دەکرێت.
حەیدەر گەرعاوى ، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانیى دانەوێڵەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: رۆژی پێنجشەممە دەرگەى سایلۆکان لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەولێر و دهۆک دەکرێنەوە و جووتیاران دەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن، رێککەوتن کراوە کە 700 هەزار تۆن وەربگرێت و سەرۆکوەزیرانى عێراقیش واژۆى لەسەر ئەو رێککەوتنە کردووە، کە لەلایەن لیژنەیەکى باڵاوە پێی گەیشتوون و نوێنەرى هەرێمى کوردستانیشى تێدایە.
حەیدەر گەرعاوى دەڵێت، ئەو بڕە گەنمەى دیاریکراوە بۆ هەرێمى کوردستان بەگوێرەى تێکڕاى رێژەى زیادبوونى بەرهەمهێنانى گەنمى ئەم ساڵ بووە لە عێراق و زۆرترین رێژەشی بۆ دیاریکراوە کە لەسەر بنەماى بەرهەمى پارێزگاى کەربەلا بوو، کە گەنمەکەى 40% زیادیکردووە. گەنمى ساڵى رابردووى هەرێمى کوردستان 500 هەزار تۆن بووە و ئەم ساڵ گەیشتووەتە 700 هەزار تۆن.
وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان لەگفتوگۆکانى لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵى فیدراڵ داواى کرد زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن بەرهەمى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگرن، بەڵام بەغدا ئەو بڕەى رەتکردەوە.
حەیدەر گەرعاوى گوتى: "رۆژی پێنجشەممە کاژێر 10ى بەیانى دەست بە وەرگرتنى گەنمى جووتیاران دەکرێت و هەمان رۆژ چەکى پارەکەیان پێدەدرێت بە گوێرەى جۆرى گەنمەکە کە بۆ هەموو عێراق یەک پێوەرە و دوو جۆرە، یەکێکیان بەبێ لێبڕین کە 850 هەزار دینارە بۆ یەک تۆن، ئەوى دیکەیان کە کوالێتى نزمترە بڕێک پارەى کەمى لێ دەبڕدرێت".
پێشبینیی وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بۆ ئاستى بەرهەمهێنانى گەنم بۆ ئەم ساڵ، زیاتر لە شەش ملیۆن تۆنە، بەپێى وەزارەتى بازرگانى ئەو بڕە پێداویستى ناوخۆ پڕ دەکاتەوە.
بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانیى دانەوێڵەى عێراق ئاماژەى بەوەدا ناوى جووتیارانى هەرێمى کوردستانمان پێگەیشتووە و نێردراوە بۆ سایلۆکان بۆ ئەوەى گەنمیان لێ وەربگیرێت.