سەرۆکى لیستێک لە کەرکووک داوا دەکات هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا دووبارە بکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکى لیستى کەرکووکنا داوا دەکات ئەنجوومەنى پارێزگاى شارەکە ناچار بکرێت کۆبوونەوە بکات و حکومەتى خۆجێیی پێکبهێنێت، ئەگەرنا پەنا بۆ دادگەى فیدراڵى دەبات بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا لە کەرکووک دووبارە بکرێتەوە.
 
محەممەد مەهدى بەیاتى، سەرۆکى هاوپەیمانیى کەرکووکنا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دەبێت دادگەى فیدراڵیى عێراق ئەنجوومەنى پارێزگا ناچار بکات کۆببێتەوە و حکومەتى خۆجێی پێکبهێنێت.
 
نووسینگەى کەرکووکى ئەو لیستە لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد، بەهۆى چەقبەستوویی سیاسی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا لەو شارە بکرێتەوە.
 
محەممەد مەهدى بەیاتى گوتی: "ئەگەر کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا نەکرێت پێویستە لە پەرلەمانى عێراقەوە بە بڕیارێک ناچار بکرێت کە ئەو ئەنجوومەنە کۆبوونەوە بکات."
 
لە 29ـی کانوونى دووەمى ئەم ساڵەوە ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک سوێندى یاساییان خواردووە، بەڵام کۆبوونەوەى ئەو ئەنجوومەنە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک و جێگرانى نەکراوە. 
 
لیستى کەرکووکنا لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا لە کەرکووک، 22 هەزار و 701 دەنگى هێنا، بەڵام نەیتوانى کورسی ئەنجوومەن بەدەستبهێنێت.
 
سەرۆکى لیستەکە گوتى: "ئەگەر پەرلەمانى عێراق نەتوانێت ئەنجوومەنى پارێزگا ناچار بە کۆبوونەوە بکا لەدادگەى فیدڕاڵى سکاڵا تۆمار دەکەین بۆ ئەوەى هەڵبژاردن لە  کەرکووک بکرێتەوە".
 
کۆنەبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانە لەسەر پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی بەتایبەت پۆستى پارێزگار.