لە زاخۆ گەنجێک هەفتەیەک دیارنامێنێت و دەڵێت رفێندرابوو؛ پۆلیس رەتیدەکاتەوە و دەڵێت قەرزار بووە


رووداو دیجیتاڵ

لە زاخۆ گەنجێک دوای هەفتەیەک لە ونبوونی دەگەڕێتەوە ماڵ و دەڵێت، رفێندرابوو؛ بەڵام پۆلیس ئەشکەنجەی داوە و پێیگوتووە کە دەبێت بەو شێوەیە گوتە بدەیت کە هیچ کەسێک تۆی نەڕفاندووە. پۆلیسیش ئەو قسەیە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، قەرزار بووە و خۆی شاردووەتەوە.
 
عەزیز زەینلعابدین، ئەو گەنجەی زاخۆیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەندێک کەسی نەناسراو منیان رفاند، بەڵام بەوشێوەیە بڵاوکرایەوە کە لەبەر قەرز رامکردووە، هیچ کێشەیەکم لەگەڵ قەرزدا نییە و هەموو قەرزەکانم بە دروستی دەدەمەوە. دوای ئەوەی گەڕامەوە ماڵ، ماڵەوەمان منیان رادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد، لەوێ گوتەیان لێ وەرگرتم و بە ئەشکەنجە و ئازار بۆ ئەوەی بە پێچەوانەوە بۆ ئەوان قسە بکەم."
 
دوای لێکۆڵینەوەیان لەگەڵی دا، پۆلیسی زاخۆ دەڵێت، ئەو گەنجە نەڕفێندراوە، بەڵکو بەهۆی قەرزەوە خۆی شاردووەتەوە.
 
ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، "ئەو بابەتە رفاندن نەبووە، بەڵکو خۆی شاردبووەوە، هیچ کەس دەستی لەم بابەتەدا نەبووە، ئەو گەنجەش لە لایەن هیچ کەسێکەوە ئەشکەنجە نەدراوە، بەڵکو ئەو کەسە هەندێک کێشەی قەرزاری هەبووە و گوشاری زۆری لەسەر هەبووە لە لایەن ئەو کەسانەوە کە پارەیان لای بووە."
 
برایەکی عەزیز دەڵێت، لە رابردوودا هیچ کەسێک باسی قەرزی براکەی نەکردووە و کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبووە، خانووەکەیشی داوەتە ئەو کەسانەی کە قەرزاریان بووە و ئێستا تەنیا شەش هەزار دۆلار قەرزارە.
 
ئیبراهیم زەینلعابدین، برای عەزیز بە رووداوی گوت، "ئەگەر لەبەر قەرز رایکردبێت، ئەی نابێت خاوەن قەرز تەلەفۆنمان بۆ بکات؟ من برا گەورەی ئەوم، ئەی نابێ خەڵک بێن داوای قەرزەکانیان بکەن. با یەک کەس بێتە سەر هێڵ و بڵێت، چووینەتە ماڵیان و داوای قەرزمان کردووە."
 
یەکێک لەو کەسانەی کە 27 هەزار دۆلاری بە قەرز داوەتە عەزیز، دەڵێت، خانووی لەبری قەرزەکان وەرگرتووەتەوە.
 
هەندرێن ئەحمەد، دانیشتووی زاخۆ بە رووداوی گوت، "پێنج مانگ پێش ئێستا بە رەزامەندیی خۆی خانووەکەم لە بری قەرزەکە لێ وەرگرتووە، بینیتان ئەم چەند رۆژە باسی ونبوونی کرا، مامی تەلەفۆنی منی کرد، منیش چوومە ئەوێ و گوتیان عەزیز نامەی دەنگی بۆ براکانی ناردووە و گوایە من هەڕەشەم لێی کردبێت، من هیچ هەڕەشەم نەکردووە و پێش پێنج مانگ پارەکەم وەرگرتووەتەوە، بۆچی هەڕەشەی لێ بکەم!."
 
پۆلیسی زاخۆ رایدەگەیێنێت، لە ئەمساڵدا هیچ کەسێک لە سنوورەکە نەڕفێندراوە و ئەو دەنگۆیانەی لەوبارەوە باس دەکرێن، راست نین.