رێبەر ئەحمەد: کەمترین رووداوی کوشتن بە چەکی بە مۆڵەت تۆمارکراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنهى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن له مافی مرۆڤ، سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و دوای کۆبوونەوەکە بە میدیاکانی راگەیاند: "کەمترین رووداوی کوشتن بە چەکی بە مۆڵەت ئەنجامدراوە کە رێژەکەی کەمتر لە 1٪ە".
رۆژی دووشەممە 6-6-2022 رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و لەبارەی تووندوتیژی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە کوردستان هەرکەسێک مۆبایلی زیرەکی پێبێت ئیدی دەبێتە پەیامنێر و زۆرجار هەڵسوکەوتکردنی ناپیشەییانە لەگەڵ بابەتەکان دەکرێت و رووداوەکان گەورە دەکرێن، ئەگەرنا ژمارەی تووندوتیژییەکان بەراورد بە وڵاتانی دیکە زۆر نییە؛ بەڵام ویستی ئێمەیە هیچ کەسێک رووبەڕووی تووندوتیژی نەبێتەوە، چ جای ئەوەی بکوژرێت".
وەزیری ناوخۆ لەبارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گوتی: "شاندێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەبارەی کێشە ئابوورییەکانی نێوانمان چوونەتە بەغدا کە بەداخەوە هەمیشە لە بەغداوە بە رێگەی جۆراوجۆر هەوڵدەدرێت کێشەکان دوابخرێن و چارەسەر نەکرێن".
رێبەر ئەحمەد گوتی: "کێشەی دارایی و نەوت و غاز هەمیشە لەلایەن بەغداوە وەک کارتێکی گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی ئەم هەرێمە بەکارهاتووە؛ هیوادارم پڕۆسەی سیاسی لە بەغدا بەرەوپێش بڕوات و حکومەتێکی کارا دابمەزرێت بۆ ئەوەی ئێمەش لە هەرێمی کوردستان بتوانین لەگەڵ حکومەتێک مامەڵە بکەین کە خاوەن دەسەڵات بێت و بتوانێ بڕیار لەسەر ئەو کێشانە بدات کە لە نێوانماندان".
رێبەر ئەحمەد کە هاوکات بەربژێری هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمانە بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی عێراق، ئەو پۆستە بە شایستەی پارتی دەزانێت و دەڵێت: "پۆستی سەرۆککۆمار بە مافی خۆمان دەزانین و پارتی رژدە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار وەربگرێت؛ لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ یەکێتی لێکتێگەیشتن لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستیان هەبووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک باس لە بارودۆخی بەغدا نەکراوە".