وەزارەتی رۆشنبیری: ژمارەیەکی زۆر دەزگەی میدیایی کراونەتەوە و مۆڵەتیان نییە
رووداو دیجیتاڵ
150 کەناڵی تەلەڤیزیۆنی لە وەزارەتی رۆشنبیری مۆڵەتیان وەرگرتووە. بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ لە وەزارەتەکە دەڵێت، ژمارەیەکی "زۆر" میدیای بێ مۆڵەت دروستبوون و "پشێوییان دروستکردووە".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە وەزارەتەکەیان نزیکەی 150 کەناڵی تەلەڤیزیۆنی و 146 رادیۆ مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە و کار دەکەن.
شیروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەیەکی زۆر میدیا کە پێکدێن لە پەیج و وێب تیڤی و مایکیان هەیە کاردەکەن، بەڵام بێ مۆڵەتن و ئامادەش نین مۆڵەت وەربگرن کە لە هیچ وڵاتێکدا شتی بەو جۆرە نییە".
شێروان عەوڵا دەڵێت، "پێشتر رێنماییمان بۆ رێکخستنەوەی میدیا دەرکردووە، بەڵام بەهۆی رەخنەوە کە گوترا ئازادیی میدیا بەرتەسک دەکاتەوە، ئەنجوومەنی وەزیران رایگرت؛ دواتر بڕیاربوو خۆیان رێنمایی دەربکەن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچیان دەرنەکردووە".
سێ جۆر کەناڵی تەلەڤیزیۆنی لە هەرێمی کوردستان هەن، لەنێویاندا 30 کەناڵی ئاسمانی، نزیکەی 70 کەناڵی نێوخۆیی بۆ شار یان پارێزگایەک، نزیکەی 50 کەناڵی نێوخۆیی سەرتاسەری بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان پەخش دەکەن.
جگە لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان، زیاتر لە 1600 دەزگای راگەیاندن لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراون؛ زیاتر لە هەزاریان رۆژنامە، گۆڤار و ماڵپەڕی تۆمارکراون.
بەگوێرەی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ رووداو، جگە لەو رۆژنامەڤانانەی بە پلەی دیکە ئەندامی سەندیکان، شەش هەزار رۆژنامەڤانی "کارا" ئەندامی سەندیکان.
بەگوێرەی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، 800 ژن ئەندامی کارای سەندیکاکەن، لەنێویاندا 15 ژن خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەن، 17 ژن سەرنووسەری رۆژنامە، 13 ژن خاوەن ئیمتیازی ماڵپەڕ و هەشت ژنی سەرنووسەری ماڵپەڕیش هەن.