کشتوکاڵی سلێمانی: شەپۆلی بارانبارین هیچ زیانێکی بە گەنم نەگەیاندووە
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەکە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. پێش شەپۆلەکە هۆشداری درایە جووتیارانی هەندێک ناوچە کە گەنمەکەیان دروێنە بکەن بۆ ئەوەی زیانیان بەرنەکەوێت، بەڵام پێچەوانەی پێشبینییەکان، کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێت، بارانەکە سوودی هەبووە.
هۆشداریی بۆ شکانەوەی قەدی گەنم درابوو، بەتایبەت گەنمی بەشێکی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کە وشکببوون. جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خۆشبەختانە نەوەکو بارانەکە زیانی نەبوو، بەڵکو سوودیشی بە گەنم لە سنووری سلێمانی و گەرمیان گەیاندووە".
ئەم ساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە رووپێوییەکدا ژمارەی دۆنمە بە دانەوێڵە چێندراوەکانی دیاریکرد. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رووداو، زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە دانەوێڵە چێندراوە کە 2 ملیۆن و 955 هەزار و 376 دۆنمی بە گەنم چێندراوە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ و سبەی بەشێوەی ناوبەناو تاوەباران بەردەوام دەبێت.
هەر ئەمڕۆ محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، بارانبارین تاوەکو چوارشەممە بەشێوەی جیا بەردەوام دەبێت و پێنجشەممە کەش سەقامگیر دەبێتەوە.