دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی دروستکردنی کارگەی چەوەندەری بیتوێن دەخاتەوە زیادکردنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە پرۆژەی دروستکردنی کارگەی شەکری بیتوێنی خستەوە زیادکردن بۆ ئەوەی کۆمپانیایەک بێت و ئەو پرۆژەیە جێبەجێبکات، کە سێ ساڵە لە دەڤەری راپەڕین، بەردی بناخەی دانراوە.
 
شوێنی دروستکردنی کارگەی شەکری بیتوێن دەکەوێتە گوندی گردجانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و سێ ساڵە بەردی بناخەی کارگەکە بەبڕی 114 ملیۆن دۆلار دانراوە. دوای دوو مانگ لە دەستبەکاربوونی کۆمپانیای جێبەجێکار، کارکردن لە پرۆژەکەدا وەستاوە.
 
شاهۆ نەجم، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی راپەڕین باسی ئەوە دەکات "ئەو وەبەرهێنەرەی پڕۆژەکەی وەرگرتبوو، بڕیاربوو لەماوەی خۆیدا جێبەجێی بکات، بەڵام پابەندنەبوو بەجێبەجێکردنی پرۆژەکە".
 
کارگەکە پشت بە بەرهەمی چەوەندەر دەبەستێت و دەبووایە لەماوەی 720 رۆژدا تەواوبکرێت.
 
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین دەڵێ "زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئیدارەی راپەڕین، زەویی زۆر شیاون بۆ چەوەندەر، تاقیکردنەوەی لەسەرکراوە و لەئاستێکی زۆر باشدا بوون".
 
پرۆژەکە لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەویی کشتووکاڵی دروستدەکرێت. رۆژانە توانای وەرگرتنی  پێنج هەزار تۆن چەوەندەری دەبێت، بۆ ئەمەش دەبێت جوتیاران رووبەری 60 هەزار دۆنم زەوی بە چەوەندەر بچێنن، بەتەواوبوونیشی هەشت هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت.
 
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، لەسەرەتادا پرۆژەکە دراوە بە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، گرێبەستەکەی هەڵوەشێنراوەتەوە و ئێستا جارێکی دیکە خراوەتە زیادکردن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کۆمپانیایەک ئامادەنەبووە پڕۆژەکە وەربگرێت.
 
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە رووداوی گوت "ئێمە ئێستا ئاگادارییەکی نێودەوڵەتیمان لەرێگەی ئینڤێست کوردستان بۆ کردووە. دەبێتە پاکێجێکی تەواو بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کە لەداهاتوودا بتوانن کۆمپانیاکانی دەرەوە کار لەسەر ئەم پرۆژە گرنگە بکەن لە کوردستاندا".
 
له‌ کارگەکەدا، شەکر و ماددەی مەلاس بەرهەمدەهێنرێت، ئەمەی دووەمیان بۆ دروستکردنی خەمیرە و پاککەرەوەی نێو ماڵ و دیتۆڵ بەکاردێت، هه‌روه‌ها لە هەر تەنێکدا لە پاشماوەی چەوەندەر، 250 کیلۆگرام ئالیک بەرهەمدەهێنێت.