بەهۆی هەوکردنی پەردەی مێشک، تەندروستیی هەڵەبجە داوای فریاکەوتن دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە ژمارەی تووشبووانی هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەڵەبجە لەزیادبووندایە، بەڵام تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێ هیچ بودجەیەکی باری لەناکاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە نەهاتووە، بۆیە داوای فریاکەوتن دەکات.
هايمای تەمەن 8 ساڵ، بۆ بەسەربردنی پشووی جەژن لە سلێمانییەوە هاتبووە هەڵەبجە، بەڵام هەشت رۆژە تووشی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک بووە و لەگەڵ 22 منداڵی دیکە، چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.
مەتین، منداڵێکی دیکەیە و بەهەمان نەخۆشیی هایما، لە نەخۆشخانەیە. دايکی مەتين دەڵێ "هەشت رۆژە لێرەين و سەرەتا تايەکی بەهێزی هەبوو، ئينجا بێتاقەت بوو و هەر سەری دەنايەوە، دوای ئەوەش هيچی پێ نەدەخورا".
زیاتر لە مانگێکە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە پارێزگاکانی هەڵەبجە سەریهەڵداوە، تاوەکو ئێستا 73 کەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە تۆمارکراون و بەرپرسانی تەندروستیی شارەکەش، داوای هاوکاری دەکەن.
دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێ "سەبارەت بە داواکاريمان ياخود بەدەنگەوەهاتنمان، ئەوەی کە بودجە بێت، هیچ بودجەیەک نەهاتووە. هيچ بودجەیەکی باری لەناکاو لە وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی دارایی، ئەنجوومەنی وەزيرانی و لە پارێزگاشەوە نەهاتووە. سەبارەت بە دەرمانيش، لە خێرخوازمان وەرگرتووە، لە بەڕێوەبەرايیەتيیەکانی دیکەی هاوڕێمان و هاوپيشەمان وەرگرتووە، بۆنموونە سلێمانی بە پلەی یەکەم و هەولێريش".
سەرەڕای خراپیی دۆخی تەندروستیی هەڵەبجە و دواکاریيەکانيان، تەندروستیی شارەکە نيگەرانن لە نەگەيشتنی هاوکاریی پێويست، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانيش دەڵێن هەوڵدەدەن هەموو کەموکوڕیيەکان پڕبکەنەوە.
دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان باسی ئەوە دەکات "لەڕووی دابينکردنی دەرمان، وەزارەتی تەندروستی لە هەرشوێنێک بێت هەرگیز درێخی ناکات، لەدابينکردنی دەرمان، بەڵام گرنگترين شت ئەوەيە ئێمە حاڵەتەکان جيابکەينەوە کە چەند حاڵەتە و ئەو حاڵەتانە پێويستيان بە چ چارەسەرێکە و چ جۆرە بەکتريايەکە تاوەکو بتوانين بۆيان دابينبکەين".
لە ماوەی سێ هەفتەدا 73 تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک لە سنووری هەڵەبجە تۆمارکراون و بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی منداڵان، رۆژانە حاڵەتی نوێ تۆماردەکرێن و نەخۆشییەکە لەبڵاوبوونەوەی زیاتردایە.