دابەشکردنی "هێلکەی رەمەزان" لە سلێمانی دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

ئەو هێلکەیەی بڕیار بوو بۆ مانگی رەمەزان بەسەر خێزانەکاندا دابەشبکرێت، بەشێکی گەیشتووەتە پارێزگاکان و دوای هەولێر لە سلێمانیش دەستکرا بە داشکردنی. 
 
رۆژی شەممە 6ـی ئایاری 2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دابەشکردنی هێلکە لە هەولێر و سلێمانی دەستی پێکردووە؛ لەم رۆژانەدا لە دهۆکیش دەستپێدەکات".
 
شەوکەت محەممەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو هێلکەیەی بڕیار بوو بۆ رەمەزان بنێردرێت ئێستا 30%ـی گەیشتووەتە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ دەستمان بە دابەشکردنی کردووە".
 
هەر خێزانێک یەک تەبەق هێلکەی بەردەکەوێت و تەنیا بۆ یەک مانگە. شەوکەت محەممەد گوتی، دەست بە دابەشکردنی هێلکەکە کراوە و رۆژانەش هێلکەی دیکە دەگاتە هەرێمی کوردستان، تاوەکو هەموو خێزانەکان وەریدەگرن.
 
لە هەولێر 3ـی ئەم مانگە دابەشکردنی هێلکە دەستیپێکرد. دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژانە هێلەکەیان پێدەگات و ئەوانیش لەگەڵ گەیشتنیدا دابەشی دەکەن.
 
بۆ ئەوەی هەر خێزانێک لە سلێمانی و هەڵەبجە تەبەقەیەک هێلکە وەربگرێت، ئەو سنوورە پێویستی بە 536 هەزار تەبەقە هێلکەیە؛ هەولێریش پێویستی بە 41  هەزار کارتۆن هێلکەیە.
 
بڕیاربوو لەگەڵ بەشەخۆراکی مانگی ئاداردا کە تایبەت بوو بە مانگی رەمەزان، هێلکە، نیشاستە، ماکەرۆنی و ئاردی سفر دابەشبکرێن، کە ئەوانە جگە لە هێلکە دابەشکران.