ئاسایشی هەولێر: پەیوەندیمان بە دەستبەسەرداگرتنی پەیکەری بازەکەوە نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر دەڵێت، پەیوەندیمان بە دەستبەسەرداگرتنی بازەکەوە نییە، کە لە بەرنامەی بەرپرسیار ناوی ئاسایش هاتووە.
رۆژی 2ـی ئەم مانگە، کاردۆ کەمال، دیزاینەر لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، بە 8 مانگ بازێکی لە زیو دروستکردووە، کە بە زێڕ رووپۆشکراوە و لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستی بەسەردا گیراوە. هەر لە بەرنامەکەدا موئەیەد مستەفا، شایەتحاڵ و هاوڕێی کاردۆ کەمال ئامادەبوو و باسی ساتی دەستبەسەرداگرتنی بازەکەی کرد.
رۆژی شەممە، 6ـی ئایاری 2023، بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداودا ناوی ئاسایش "لەکەدار" کراوە. گوتیشی: "بەرنامەکە باسی بازێک [کە دەستی بەسەردا گیراوە] دەکات و گوتەی خاوەنەکەی وەرگرتووە و ئاسایشی پێ تۆمەتبار دەکات، لەکاتێکدا ئاسایش هیچ پەیوەندییەکی بەو دۆسیەوە نییە و ئەوە بە بڕیاری دادوەر دەستیبەسەردا گیراوە؛ بۆیە ئێمە دژی پێشکێشکاری بەرنامەکە و کەناڵەکەش سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین، چونکە لەو بەرنامەیەدا ناوی ئاسایش لەکەدار کراوە".
بارزان قەساب دەڵێت، پێش بەرنامەکە دەبوایە رووداو پەیوەندی بە ئاسایشەوە بکردایە و لە بابەتەکە بکۆڵێتەوە، "چونکە ئەوە هەشت مانگە ئەو دۆسیەیە لە دادگەیە".
لەبارەی دۆسیەکەوە بارزان قەساب گوتی، "هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ئەوانەی دۆسیەکەیان دەچێتە چوارچێوەی شوێنەوارەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ئەوانە لەلایەن تیمێکی پۆلیسەوە دەستگیرکراون، بەڵام دۆسیەکەیان کە دەبێتە شوێنەوار دەگوازرێتەوە بۆ دادگەی ئاسایش. ئەو دۆسیەیە ئێستاش لە دادگەیە و هیچ کەسێک دەستی بەسەردا نەگرتووە؛ کەس ئەو بازەی ون نەکردووە و کەس داینەناوە بۆ فرۆشتن".
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، "پێشکێشکار بە ئێمەی نەگوتووە ئەو دۆسیەیە چۆنە بۆئەوەی ئێمەش پێی بڵێین کە لە لێکۆڵینەوەیە لە دادگە و راستەوخۆ لە جێگەیەک دەڵێت دانراوەتەوە بفرۆشرێ؛ لە شوێنێکی دیکە دەڵێ ئاسایشی هەولێر بازێکی بردووە".
لەوبارەوە بەڕێوەبەرایەتیی بەشی ئاوتپووتی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "لە رێگەی پڕۆدیوسەری بەرنامەکە پەیوەندی بە عەقید سەباح خدر، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێرەوە کراوە و وەڵامی نەبووە." گوتیشی، پەیامیشی بۆ نێردراوە و وێڕای بینینی پەیامەکە، وەڵامی نەداوەتە بۆ بەشداربوون یان نەبوونی لە بەرنامەکە. هەروەها پەیوەندی بە گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش کراوە، بەڵام بە پاساوی گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەری پۆلیسدا گوتوویەتی: ئامادەنییە قسە لەسەر بابەتەکە بکات.
بەشی ئاوتپووتی تۆڕی میدیایی رووداو جەخت لەوە دەکاتەوە، کە رووداو بە شێوەیەکی پیشەییانە کارە رۆژنامەڤانییەکانی دەکات و بۆ بەرنامەی بەرپرسیاریش هەموو کاتێک هەوڵیان داوە لایەنی بەرامبەریش ئامادەبێت، بەڵام ئاسایش "لە هیچ" بەرنامەیەکی بەرپرسیاردا ئامادە نەبووە، ئەوەی لە بەرنامەکەش گوتراوە میوانانی بەرنامەکە گوتوویانە، نەوەک پێشکێشکار و تۆڕی میدیایی رووداو.