کتێبێک لەسەر خواردنی کوردی بە هۆڵەندی بڵاودەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رەوشەن جەعفەر، کوردێکی عەفرینییە و دانیشتووی بەلجیکایە کتێبێکی لەسەر خواردنی کوردی بە زمانی هۆڵەندی نووسیوە و بڵاوکرایەوە.
رەوشەن هەفتەیەکی خۆشی هەبوو، چونکە کتێبەکەی بە زمانی هۆڵەندی لە بەلجیکا بڵاوکرایەوە. ئەو خەڵکی عەفرینە و بە پێویستی زانیوە کتێبێک لەسەر خواردنە کوردییەکان بە هۆڵەندی بنووسێت.
رەوشەن جەعفەر میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، یەکەم کتێبی لە بواری دروستکردنی خواردنی کوردی لە ساڵی 2008 بڵاوکردەوە و گوتی، "دووەم کتێبم بە زمانی هۆڵەندی بڵاوکردەوە کە تێیدا 92 جۆر خواردنی کوردی نووسراون."
نووسەری کتێبەکە ئەوەشی ئاشکراکرد، ژنێکی بەلجیکی بە ناوی ریا هاوکاری رێنووسی هۆڵەندی بۆ کتێبەکەی کردووە.
رەوشەن جەعفەر گوتیشی، "چێشتخانەی کوردی زۆر دەوڵەمەندە بە خواردنە جۆراوجۆرەکان، دەتوانم بڵێم خاوەنی سەتان جۆری خواردنە و خواردنە کوردییەکان زۆر جیاوازن لە خواردنی بەلجیکی."
ئەو کچە کوردە لەدایکبووی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و چەندین ساڵە لە بەلجیکا دەژی. سەبارەت بە چۆنییەتی دەستکەوتنی کتێبەکەی گوتی، "خەڵک دەتوانن لە کتێبخانەکانی بەلجیکا و هۆڵەندا کتێبەکە بکڕن."