کەشوهەوای رۆژانی جەژن؛ باران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ئەمشەوەوە بارانبارین بە لاوازی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و سبەی بارانی زیاتر دەبارێت. کەشناسانیش دەڵێن، رۆژانی جەژنی رەمەزان لە هەرێمی کوردستان تاوەبارانی بەخوڕ و مامناوەند دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمشەوەوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکەمان دەگرێتەوە و نمەبارانی کەم و لاواز لە شوێنی جیا دەبارێت و هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت".
سبەی خێرایی با لە هەرێمی کوردستان چالاک دەبێت بۆ نزیکەی 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. بە گوتەی ئاراس جەبار، لە گەرمیان و کەرکووک خێرایی با زیاتر دەبێت و دەگاتە 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
لەبارەی کەشوهەوای رۆژانی جەژنی رەمەزانیش، ئاراس جەبار گوتی، "سبەی ئێوارە تاوەبارانی بەخوڕ و مامناوەند لە شارە جیاکان دەبارێت تاوەکو بەرەبەیانی دووشەممە بەردەوام دەبێت و دواتر کەش ئاسایی دەبێتەوە. بەڵام رۆژی سێشەممە ئێوارەکەی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی ناوبەناو تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاوەکو پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و کەشەکە بەهارە دەبێت؛ رۆژی هەینی کەش ئاسایی دەبێتەوە".
ئەو کەشناسە پێشبینی کرد، لە بارانبارینی ئەم هەفتەیەدا 30 بۆ 40 ملیمەتر بەگوێرەی ناوچەکان باران ببارێت.
شاڵاو هیدایەت، کەشناسێکی دیکەیە و ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، زۆری بارانبارینی ئەم هەفتەیە رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە دەبێت؛ گوتیشی، "پێشبینی دەکرێت رۆژی چوارشەممە کە ئەگەری زۆرە یەکەم رۆژی جەژن بێت، چەقی شەپۆلی بارانبارین بێت و زۆرترین بارانی بەخوڕ ببارێت".
شاڵاو هیدایەت گوتیشی، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە لە رۆژانی داهاتوودا بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرما نزیکەی شەش پلە دادەبەزێت.
هەر ئەمڕۆ کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، "ئەمشەو ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری نمەباران لە هەندێ ناوچەدا".
لەبارەی کەشوهەوای سبەی یەکشەممەوە کەشناسی رایگەیاند، بارانی پچڕ پچڕ لە ناوچە جیاکان دەبارێت و لە دوای نیوەڕۆوە بارانبارین زیاتر دەبێت و لەناوچە شاخاوییەکان هەورەبرووسکەی لەگەڵ دەبێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 28 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 25 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 23 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 30 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 27 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 23 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 24 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 16 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 33 پلەی سیلیزی