فڕۆکەکانی تورکیا سنووری قەزای ئامێدی بۆردوومان دەکەن
رووداو
فڕۆکەکانی تورکیا گەلی رەشاڤە و چیای مام رەشا-یان لە سنووری قەزای ئامێدی بۆردوومانکرد، بەڕێوبەری ناحیەی دێرەلووک دەڵێت، "ئەو ناوچەیە خەڵکی سڤیلی لێ نییە".
بێوار رەشاڤەیی، ھاونیشتمانی خەڵکی ناوچەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فڕۆکە جەنگییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەردەوام بە دەوروبەری ناوچەکەدا دەسووڕانەوە، چەند جارێکیش دەنگی بۆردوومان بیسترا".
رزگار عوبێد، بەڕێوبەری ناحیەی شیلادزێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کاژێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ تاوەکو 8:30 ئەمشەو، سێ جار فڕۆکە جەنگییەکان چیای مام رەشا و باکووری ناحیەی شیلادزێ و سنووری دێرەلووکیان بۆردوومانکرد".
رزگار عوبێد گوتیشی، "ئەو شوێنانە خەڵکی سڤیلیان تێدا ناژی، بۆیە نازانین زیانی گیانی هەبووە یان نا".
لە ساڵی 2105ەوە، چەندینجار فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری پارێزگای دهۆکیان بۆردوومانکردووە، بەپێی ئامارێکی قایمقامی قەزای ئامێدی، تاوەکو ئێستا 33 کەسی سڤیل لە بۆردوومانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.