وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا خولی زمانی کوردی بۆ کرێکارانی بیانی دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان راسپێردراون بە کردنەوەی خولی فێربوونی زمانی کوردی بۆ کرێکاری بیانی. وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، لیژنەیەک بۆ رێککەوتن لەسەر شێوازی خولەکە دانراوە.
 
رۆژی دووشەممە 6-3-2023، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بۆ ئەوەی کرێکارە بیانییەکان ئاشنای زمانی کوردی بن و لە کاتی کارکردندا بە کوردی بدوێن، لیژنەیەک لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا پێکهێنراوە بۆ رێککەوتن لەسەر گوتنەوەی خولەکە. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: "لە ماوەیەکی نزیکدا دەست دەکەین بە جێبەجێکردنی کارەکانمان، ئەم بڕیارە هەموو کرێکارە بیانییەکان دەگرێتەوە." 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا لە رێککەوتی 21ـی 2ـی 2023 بڕیاریدا زمانی کوردی لە پێگەكان و سۆشیاڵمیدیادا زیاتر بەکاربهێنێت، هەروەها بڕیاریدا هەڵمەتی گۆڕینی تابلۆی زمانی بیانی بۆ زمانی کوردی لە پارێزگای هەولێر دەستپێبکات.
 
پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سەرجەم دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان، کەرتی تایبەت و کۆنسوڵخانە و رێکخراوە بیانی و کۆمپانیاکانی ئاگادارکردەوە تاوەکو 1-4-2023، تابلۆکانیان بگۆڕن بۆ زمانی کوردی، ئەگەرنا لەدوای ئەو وادەیەوە سزای دارایی دەدرێن.
 
هەروەها دەربارەی کرێکارە بیانیەکان، ئومێد خۆشناو گوتی، دەبێت سەرەتا فێری زمانی کوردی ببن پاشان دەتوانن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن.