پەروەردەی سلێمانی: قوتابخانە هەیە لە پۆلێکدا زیاتر لە 40 قوتابی تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، "بڕیاری کەمتر لە 30 قوتابی لە پۆلێکی خوێندن جێبەجێ ناکرێت و پۆل هەیە زیاتر لە 40 قوتابی تێدایە." وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: جگە لە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی خوێندنگەکان، لە ساڵی 2019ەوە تائێستا 67 خوێندنگە و نۆ باخچەمان لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
رۆژی دووشەممە 6-3-2023، عومەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو بڕیارەی کە زیاتر لە 30 قوتابی لە پۆلێکدا نەبێت جێبەجێ ناکرێت، ساڵانە نزیکەی 150 هەزار قوتابی بۆ ناوەندەکانی خوێندن زیاد دەکات، "حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی 2015وە هیچ خوێندنگەیەکی دروستنەکردووە، لە هەندێک گەڕەکی میللی، پۆل هەیە زیاتر لە 40 قوتابی تێدایە."
حەسەن جاف، بەڕێوەبەری پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش بە رووداوی گوت: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زۆری قوتابی لە پۆلێکدا، گۆڕانکاریمان لە پەرتووکەکاندا کردووە کە قوتابی بتوانێت لە ماڵی خۆیدا بە ئۆنلاین گوێ لە بابەتەکان بگرێتەوە و باش تێبگات، ئەمەش رێگەچارەیەکە بۆ تێگەشتنی قوتابی لە بابەتەکان.
هاوکات سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە رووداوی راگەیاند: "راستە ساڵانە بە هەزاران قوتابی زیاد دەکات، بەڵام لەهەمان کاتدا پۆلی 12ـەکان دەردەچن."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، لە 15-7-2019ەوە تائێستا، 67 خوێندنگە، 9 باخچە لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، 1300 خوێندنگە نۆژەنکراونەتەوە، 210 ژووریش فراوانکراون. بە گوتەی سامان سیوەیلی: ئامارەکان لە چەند مانگی داهاتوو گۆڕانی بەسەردادێت، چونکە چەندین باڵەخانەی دیکە دروستدەکرێن.