بارەگای بارزانی: ئامانجەکانی راپەڕین نیشتمانی و نەتەوەیین، نابێت بە حیزبی و بچووک بكرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بارزانی رایگەیاند، پەیام و ئامانجەکانی راپەڕین نیشتمانی و نەتەوەیین، نابێت بە حیزبی و بچووك بكرێنەوە. دەڵێت، "خاوەن و ئەنجامدەری راستەقینەی ئەو رووداوە مەزنە، كوردستانە بە هەموو حیزب و لایەن و كەسایەتی و هاووڵاتییانییەوە."
رۆژی دووشەممە 06-03-2023، بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "راپەڕین دەرئەنجامی یەكڕیزی و تێكۆشانی هەمەلایەنەی جەماوەر و لایەنەكانی ناو بەرەی كوردستانی و پێشمەرگە و رێكخستنە نهێنییەكان و سەرجەم چین و توێژە جیاجیاكانی كوردستان و، درێژكراوەی خەباتێكی دوور و درێژ و بەردەوامی گەلی كوردستان بوو."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "پەیام و ئامانجەكانی راپەڕین بەرز و گرانبەها و نیشتیمانی و نەتەوەیین، نابێت بە حیزبی و بچووک بكرێنەوە و لە مانا و جەوهەر بەتاڵ بكرێن."
وەک بارەگای بارزانی دەڵێت: راپەڕین بە رەنج و ماندووبوون و هەوڵی هەموو لایەك سەركەوت، بۆیە خاوەن و ئەنجامدەری راستەقینەی ئەو رووداوە مەزنە، كوردستانە بە هەموو حیزب و لایەن و كەسایەتی و هاووڵاتییانییەوە.
دەقی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جێگەی داخێكی زۆرە لەیادی راپەڕیندا حیزب و لایەنە سیاسییەكان و لایەنگرانیان هەوڵی ئەوە دەدەن كە ئەو یادە بە حیزبی بكەن و هەریەكە و بە جۆرێک لە جۆرەكان خۆی بە خاوەن و ئەنجامدەری راپەڕین لە قەڵەم بدات.
راپەڕین دەرئەنجامی یەكڕیزی و تێكۆشانی هەمەلایەنەی جەماوەر و لایەنەكانی ناو بەرەی كوردستانی و پێشمەرگە و رێكخستنە نهێنییەكان و سەرجەم چین و توێژە جیاجیاكانی كوردستان و، درێژكراوەی خەباتێكی دوور و درێژ و بەردەوامی گەلی كوردستان بوو.
پەیام و ئامانجەكانی راپەڕین بەرز و گرانبەها و نیشتیمانی و نەتەوەیین، نابێت بە حیزبی و بچووک بكرێنەوە و لە مانا و جەوهەر بەتاڵ بكرێن. راپەڕین بە رەنج و ماندووبوون و هەوڵی هەموو لایەك سەركەوت، بۆیە خاوەن و ئەنجامدەری راستەقینەی ئەو رووداوە مەزنە، كوردستانە بە هەموو حیزب و لایەن و كەسایەتی و هاووڵاتییانییەوە.
بارەگای بارزانی
6ی ئاداری 2023